سەردێڕ:

حکومەتی کاربەڕێکەر بەڵێنی دروستکردنی چەند بەنداوێکی ستراتیژی دا؛ بەڵام جێبەجێی نەکرد

AM:08:57:25/04/2024

1208 جار خوێندراوەتەوە

کابینەى حکومەتى کاربەرێکەر بەڵێنى چارەسەرکردنى کێشەى ئاوى دا و وتى بەنداو دروست دەکات و کاریگەرى وشکەساڵى کەم دەکاتەوە، بەڵام یەک بۆرى ئیفرازى بۆ تازە نەکرایەوە و تائێستاش بەشێکى هاوڵاتیانى هەرێم ئاوى پاکى خواردنەوەیان پێناگات.


مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر لە رۆژی ١٠ـی مانگی حەوتی ساڵی ٢٠١٩، لە خستنەڕووی کارنامەی کابینەکەیدا باسی چارەسەرى کێشەى ئاو و سودوەرگرتنی لە سەرچاوە ئاویەکانی هەرێم کرد، بەڵام لە پێنج ساڵى رابردوودا حکومەتەکەى ئەو و قوباد تاڵەبانى یەک بەنداوى بۆ دروست نەکراوە و یەک بۆرى ئیفرازى تازەى لە شارەکاندا تازە نەکردووەتەوە.

بەڵێنەکانى کابینەکەى مەسرور بارزانى و قوباد تاڵەبانى دەربارەى ئاو، هاوشێوەى بەڵێنەکانى دیکەیان بوو لەسەر کارەبا و پاشەکەوتى مووچە و شتەکانى دیکە، بەشێوەیەک تائێستا بەشێکى گەڕەکەکانى هەولێر بێ ئاون و دەربەندیخان لە نێوان دوو بەنداودا ئاوى پاکى خواردنەوەى نیە و لە چەمچەماڵیش بە ١٠ رۆژ جارێک ئاو دابەش دەکرێت.

بێئاوی هاوڵاتیان لە کاتێکدایە، هەرێمی کوردستان بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافیەکەی و هەبوونی چەندین سەرچاوەی ئاوی جۆراوجۆر و کەشوهەوایەکی باراناویەوە، ساڵانە خاوەنى نزیکەى ٢٢ ملیار مەترى سێجا باراناوە، بەڵام تەنها سێ بەنداوى گەورەى هەیە بۆ کۆکردنەوەى ئاو کە تێکڕا دەتوانن ١٠ ملیار مەترى سێجا ئاویان تێدا کۆبکرێتەوە و ئەوانیش رژێمی پێشووى عێراق دروستى کردوون.

بێجگە لەوەى دەسەڵاتى هەرێم لە ٣٢ ساڵى رابردوودا نەیتوانیووە تەنها یەک بەنداوى ستراتیژى دروست بکات، پۆند یان بەنداوى بچوکیشى وەک پێویست دروست نەکردووە، چونکە بەپێى پلانێک دەبوو لە ساڵى ٢٠١٣ـەوە، نزیکەى ٢٥٠ بەنداو لە ناوچە جیاوازەکانى هەرێم دروست بکرایە و ١٨ بەنداویشیان گەورە و ستراتیژی بونایە، بەڵام تەنها ١٨ پۆندى دروست کردووە کە تێکڕا کەمتر لە ١٠٠ ملیۆن مەترى سێجا ئاو دەگرن، واتە دەتوانن تەنها نزیکەى ٥٪ـی بارانى ساڵانەیان تێدا کۆ بکرێتەوە. بەوەش دەردەکەوێت کابینەى حکومەتى کاربەرێکەر لە ئاست ئاسایشى ئاودا دۆشداماوە و یەک بەنداوى بۆ دروست نەکراوە و تەنانەت نەیتوانیووە کێشەى دابەشکردنى ئاوى ماڵانیش رێک بخاتەوە، سەربارى ئەوەى مانگانە بڕێکى زۆر پارە لە هاوڵاتیان وەردەگرێت بەناوى ئاوەوە و نازانرێت لەچیدا خەرج دەکرێت و دەچێتە گیرفانى کێوە.













گەلەری