سەردێڕ:

وەزارەتی دارایی عێراق: تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی هەرێممان بەدەست نەگەیشتووە

PM:12:13:22/04/2024

13008 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، تاوەکو ئێستا لیستی مووچەی مانگی نیسانی مووچەخۆرانی هەرێمیان بەدەست نەگەیشتووە.


گۆران عەبدوڵا پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە بەغدا لە زاری چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە باسی لەوەکرد، بڕیار بوو دوێنێ لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بگات بە دەستی وەزارەتی دارایی عێراق، بەڵام هێشتا لیستەکە نەگەیشتووەتە لای وەزارەتی دارایی عێراق.

 

باسی لەوەشکرد، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی باسی لەوە کردووە، ئەگەر هیچ گرفتێک نەبێت لە وردبینیکردنی لیستەکەدا ئەوا لە هەمان رۆژدا پارە بۆ هەرێم دەنێردرێت.

ئەوەشی خستەڕوو، لەلایەن وەزیری دارایی عێراقەوە بە نووسراو داواکراوە هەرێم زانیاری مووچەخۆران بدات بە عێراق بۆ بابەتی بەبانکیکردن مووچە و دروستکردنی هەژماری بانکی بەڵام هەرێم هێشتا ئەو زانیارییانەشی بۆ بەغدا نەناردووە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە هەفتەیەکە وەزارەتی دارایی عێراق چاوەڕوانی هەرێمە لیستی مووچەی مانگی نیسانی بۆ بنێرێت، بەڵام هەرێم لیستەکەی نەناردووە. جگە لەوەی لە رۆژانی بەر لە جەژن و جەژنەوە وەزارەتی دارایی عێراق داوای لیستی مانگی نیسانی لە هەرێم کردووە، بۆئەوەی لەگەڵ پارەدارکردن و دابەشکردنی مووچەی وەزارەتەکانی خۆیدا، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمیش بنێرێت.

گۆران عەبدوڵا - بەغدا

 













گەلەری