سەردێڕ:

کونسوڵخانەی ئەمریکا: پێویستە رۆژنامەنووسان بەبێ ترس و دەستگیرکردنی هەڕەمەکییانە کاربکەن

AM:11:57:22/04/2024

776 جار خوێندراوەتەوە

کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە یادی ١٢٦ ساڵەی رۆژنامەگەریی کوردیدا رایگەیاند، پێویستە رۆژنامەنووسان بتوانن بەبێ ترس و جیاوازیکردن و دەستگیرکردنی هەڕەمەکییانە کاری خۆیان بکەن.


کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر رایگەیاندووە، جۆو بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە وتەیەکیدا دەڵێت، "پێویستە هەمووان بەردەوامبین لە پشتیوانیکردنی راگەیاندنێکی ئازاد کە لایەنێکی بنەڕەتیی حوکمڕانییە دیموکراتییەکەمان و هەموو حکومڕانییە دیموکراتییەکانی تری جیهانە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی ئازادیی میدیا و رووماڵکردنی رەوا و پرۆفيشناڵانە و بێلایەنی و جێبەجێکردنی یاسای مافی بەدەستهێنانی زانیاری لە هەرێمی کوردستان".

باسی لەوەشکردووە، "ئەو رۆژنامەوانانە سەربەرز دەبینین کە لە بارودۆخی مەترسیداردا کاردەکەن و سوپاسیان دەکەین بۆ گەیاندنی راستیەکان پێمان".

کونسوڵخانەی ئەمریکا دەشڵێت، رۆژنامەنووسانە پێویستە بتوانن کاری خۆیان بکەن بەبێ ترس لە جیاکاری لەسەر بنەمای ئینتیمای سیاسی و هەراسانکردن و دەستگیکردنی هەڕەمەکیانە.

٢٢ـی نیسانی هەموو ساڵێک،ساڵیادی رۆژنامەگەریی کوردییە و ١٢٦ ساڵ بەسەر دەرچوونی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا تێدەپەڕێت. سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەریش دەڵێت، "وەک هەمیشە هاوکار و یارمەتیدەری رۆژنامەنووس و راگەیاندنکارانی کوردستان دەبین". لەکاتێکدا هەر ئەمڕۆ لە دیداری نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ کاری رۆژنامەنووسی، ستافی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەر هەموو رۆژنامەنووسان و دەزگاکانی راگەیاندنی لە شوینی دیدارەکە دەرکرد.













گەلەری