سەردێڕ:

شەش مانگ لەمەوبەر هاوسەر و براکەی کوشتیان؛ ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو

PM:07:44:21/04/2024

26520 جار خوێندراوەتەوە

برایەکی ئەرکان خەیرەدین ئەو کارمەندەی هێزە ئەمنییەکان کە نزیکی شەش مانگ لەمەوبەر لە بەردەڕەش لەناو ماڵەکەی خۆیدا بە کوژراوی دۆزرایەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دادگا بڕیاری لەسێدارەکانی بۆ بکوژانی ئەرکان دەرکردووە. دەشڵێت، "بکوژەکان برایەکی خۆی و هاوسەرەکی ئەرکان بوون".


ئەمڕۆ یەکشەممە، زانا خەیرەدین برای ئەرکان خەیرەدین کە رۆژی ٢٨ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو لە بەردەڕەش بە کوژراوی لەناو ماڵەکەیدا دۆزرایەوە بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دادگا بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ بکوژانی ئەرکان دەرکردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بکوژەکان هاوسەرەکەی ئەرکان و برایەکی بوون و لە ئێستادا لەلایەن دادگای دهۆکەوە بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە.

چیرۆکی کۆشتنی ئەرکان؛

لە رێکەوتی ٢٨ـی ١٠ـی ساڵی رابردوو، تەرمی ئەرکان خەیری تەمەن ٣٥ ساڵکە کارمەند بوو لە پۆلیسی بەردەڕەش بە کوژراوی لە ماڵەکەیدا دۆزرایەوە و شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە بوو. هەر لەساتی بەخاکسپاردنیشیدا هاوسەر و براکەی بە تۆمەتی کوژرانی دەستگیرکران.

بەپێی زانیارییەکان، لە رۆژی پێش رووداوەکەدا هەر سێ منداڵ و هاوسەرەکەی بردووە بۆ ماڵی باوکی خێزانەکەی لە نزیک بەردەڕەش و خۆی گەڕاوەتەوە بۆ ماڵەوە.

لەسەر رووداوەکە هاوسەری ئەرکان سەرەتا باسی لەوەکرد، دوای ئەوەی چەندین جار پەیوەندی پێوە کردووە و وەڵامی نەبووە پەیوەندی بە هاوڕێکانی هاوسەرەکەیەوە کردووە و بۆی دەرکەوتووە کە هاوسەرەکەی نەچووەتە سەر کارەکەی.

دواتر، کاتێک گەڕاوەتەوە ماڵەوە، هاوسەرەکەی بە کوژراوی دۆزیوەتەوە کە شوێنەواری چەقۆ بە جەستەیەوە بووە و دوای لێکۆڵینەوەکان تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادی دهۆک گواستراوەتەوە.

دواتریش دەزگا ئەمنیەکان رایانگەیاند، دوو کەس بە تۆمەتی کوشتنی ئەو کارمەندە لە بەردەڕەش دەستگیرکراون، کە هاوسەر و برای کوژراوەکە بوون.

تایف گۆران - دهۆک

 













گەلەری