سەردێڕ:

بەشێک لە دەرچووانی دانەمەزراو لە سنووری گەرمیان گردبوونەوە

PM:01:34:21/04/2024

724 جار خوێندراوەتەوە

جارێکی دیکە بەشێک لە دەرچووانی دانەمەزراوی کفری دژی دانەمەزراندنیان گردبوونەوە. دەشڵێن، "ماوەی ١٠ بۆ ١٢ ساڵە هیچ مامەڵەیەکی دانەمەزراندنمان بۆ نەکراوە و تا ئێستاش بەبێ هیچ وەڵامدانەوەیەک مامەڵەکانمان دوا دەخەن".


ئەمڕۆ یەکشەممە، بەشێک لە خوێندکارانی دانەمەزراو لە کفری بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، ماوەی ١٠ بۆ ١٢ ساڵە خوێندنیان تەواو کردووە بەڵام تا ئێستا هیچ دامەزراندنێکیان بۆ نەکراوە و حکومەتی کاربەڕێکەر هیچ وەڵامێکیان ناداتەوە.

ئاماژەیان بەوەش کرد، دامەزراندن تەنها بۆ کەسانی نزیک لە حزبەکان هەیە و هیچ مامەڵەیەکی دامەزراندنیش بۆ خوێندکارەکانی ئەو سنوورە ناکرێت. دەشڵێن، "ئێمە چەندین جار داوامان کردووە کە رێکارەکانی دامەزراندنمان بۆ ئەنجام بدەن بەڵام هیچ ئاوڕێک لە داواکارییەکانمان نادەنەوە".

لە بەرامبەریشدا، وەزارەتی دارایی عێراق پێشتر رایگەیاند، بەگوێرەی نوسراوی وەزارەتی خوێندنی باڵای عێراق رێکارەکانی خەرجکردنی مامەڵەی دامەزراندن بۆ خوێندکارانی ٢٠٢٢-٢٠٢٣ خەرج دەکرێت و دەتوانن دەست بەمامەڵەی دامەزراندن بنکەن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، حکومەتی هەرێم لە هەردوو کابینەی هەشت و نۆدا بە گوێرەی نوسراوێک مامەڵەی دامەزراندنی خوێندکارانی هەرێمی راگرتووە و تا ئێستاش هیچ هەنگاوێکیان بۆ دامەزراندنی ئەو خوێندکارانە ئەنجام نەداوە.













گەلەری