سەردێڕ:

ئۆپیک وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە کە ھەرێم نەوت بە قاچاخ دەفرۆشێت

PM:09:04:20/04/2024

2208 جار خوێندراوەتەوە

ئەندامێکی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، ئۆپیک وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی کۆمپانیا نەوتییەکانی هەرێم رۆژانە نزیکەی ٢٠٠ بۆ ٢٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنن و لەڕێگەی تورکیاوە بە قاچاخ دەیفرۆشێت. دەشڵێت، " داهاتەکەشی بۆ دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەی هەرێـم دەڕوات".


ئەمڕۆ شەممە، عەلا حەیدەری ئەندامی لیژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، رێکخراوی ئۆپیک لەڕێگەی سەرچاوە لاوەکییەکانییەوە وەزارەتی نەوتی عێراقی ئاگادار کردووەتەوە لەوەی هەرێم نەوت بە قاچاخ لەڕێگەی تورکیاوە دەفرۆشێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیا نەوتییەکان لە هەرێمی کوردستان بەردەوامن لە کارکردن و رۆژانە نزیکەی ٢٠٠ بۆ ٢٢٥ هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدە‌هێنن و بە قاچاخ دەیفرۆشن.  

وتیشی، " ئۆپیک ئاماژەی بەوەش کردووە داهاتی فرۆشتنی ئەو بڕە نەوتە قاچاخە بۆ دوو بنەماڵە دەسەڵاتدارەکەی هەرێم، پارتی و یەکێتییە".

پێشتریش، ئێن ئاڕ تی لە سۆراغێکدا ئەوەی ئاشکرا کرد، بەقاچاخ بردنی نەوتی هەرێم لە سنوورەکانەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ زیادی کردووە و بە تێکڕاش رۆژانە نزیکەی دوو هەزار تانکەر نەوت بە قاچاخ دەفرۆشرێت کە داهاتی مانگانەیان دەگاتە زیاتر لە ٣٠٠ ملیۆن دۆلار.

ئێن ئاڕ تی ئەوەشی زانیوە، یەک بەرمیل نەوت دەفرۆشرێت بە زیاتر لە ٤٠ دۆلار، بەپێی خەمڵاندنێکیش داهاتی رۆژانەی فرۆشی نەوتی قاچاخ دەگاتە ١٠ ملیۆن دۆلار، داهاتی مانگانەش دەگاتە نزیکەی ٣٠٠ ملیۆن دۆلار، نەوتەکەش رەوانەی بەندەر ئیمام و عەباس و ئەفغانستان و پاکستان و ئیمارات دەکرێت و لەوێ ساغ دەکرێتەوە.













گەلەری