سەردێڕ:

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ: ناردنی مووچە لە بەغداوە بەردەوام دەبێت

PM:12:37:15/04/2024

2548 جار خوێندراوەتەوە

پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقەوە پێیان راگەیەنراوە، تا کاتی تەواوبوونی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ناردنی پارەی کاش لە بەغداوە بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، "دوای تەواوبوونی تەمویلی وەزارەتەکانی عێراق، مووچەی مانگی چوار رەوانەی هەرێم دەکرێت".


ئەمڕۆ دووشەممە، ئومێد محەمەد، پەرلەمانتاری فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە گوێرەی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، تا کاتی تەواوبوونی پڕۆسەی بەبانکیکردنی مووچە، ناردنی پارە بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوام دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بۆ ئەم مانگە لیست ئامادەیە و دوای تەواوبوونی پڕۆسەی پارەدارکردن (تەمویل)ـی وەزارەتەکانی عێراق، پارەی مووچەی مانگی چواری مووچەخۆران رەوانەی هەرێم دەکرێت.

باسی لەوەش کرد، "نزیکەی حەوت مانگ لەمەوبەر داوامان کردووە بانکی رەشید و رافیدەین لق لە هەرێم بکەنەوە و نوسراومان ئاڕاستەی ئەو دوو بانکە کردووە کە لقەکانیان لە هەرێم بکەنەوە".

ئەوەشی خستە روو، پارتی و یەکێتی پێیان ناخۆشە مووچە گەڕاوەتەوە سەر بەغدا، چونکە لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردن ناتوانن هەڕەشە لە خەڵک بکەن. وتیشی، "ئەگەر پارتی و یەکێتی کێشە دروست نەکەن، تا بابەتی بەبانکیکردنی مووچە تەواو دەبێت، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە بەغداوە رەوانە دەکرێت".

لەبارەی هەڵبژاردنیشەوە ئاماژەی بەوە کرد، ئەوان وەک نەوەی نوێ ئامادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لە وادەی خۆیدا و دەبێت هەڵبژاردن ئەنجام بدرێت بۆ ئەوەی کێشە بۆ هەرێم دروست نەبێت.













گەلەری