PM:10:55:14/04/2024
976 جار خوێندراوەتەوە
لەگەڵ دەستپێکی وەرزی گەرمادا چەند گرفتێک بۆ فیولپەمپی ئۆتۆمبێلی شۆفێران دروست دەبێت، یەکێتی و پارتیش خاوەندارێتی ئەو پاڵاوتگانەی بەنزین دەکەن لە هەرێم کە جۆری بەنزینەکانیان دەبێتە هۆی گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکان. بەشێک لە پیشەوەرانیش دەڵێن، ئەو بەنزینەی لە هەرێم هەیە ماددەی رەساس و رۆن و ئاوی تێدایە.
وەستایەکی چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، خراپی جۆرەكانی بەنزین زیادی كردووە و گرفتەكان لە وەرزی گەرمادا زیاتر دەبن چونكە هیچ چاودێرییەك لەسەر جۆر و كوالێتی بەنزینەكان نین، خراپی جۆرەكانی بەنزینیش كار لە فیولپەمپ و نۆزڵەكانی ئۆتۆمبێل دەكات.
بەشێک لە
شۆفێرەکانیش ئاماژە بەوە دەکەن، ساڵانە لەوەرزی گەرمادا چەند جارێك فیولپەمپی ئۆتۆمبێلەکانیان
دەسوتێت و دەبێت بیگۆڕن چونكە کوالێتی جۆرەکانی بەنزین زۆر خراپن.
ئەوەش
لەکاتێکدایە، زیاتر لە شەش جۆری بەنزین لە بەنزینخانەکاندا دەفرۆشرێت كە بەشێكیان بەرهەمی
پاڵاوتگەكانی هەرێمە و خاوەندارێتییەکەیان بۆ بەرپرسانی پارتی و یەكێتی دەگەڕێتەوە،
کوالێتی بەنزینەکانیش لەو جۆرانەن كە لە وەرزی هاویندا گەرم دەبن بەهۆی زیادكردنی
مادەی رەساس لە بەنزینەکەدا کە بە خراپترین جۆری بەنزین هەژمار دەكرێت و دەبێتە هۆی
گڕگرتنی ئۆتۆمبێلەکان.