سەردێڕ:

هێرش کرایە سەرچەند ناوچەیەکی سنوری هەولێر

AM:02:03:14/04/2024

7484 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی، کەمێک پێش ئێستا چەند فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوان ئاڕاستەی چەند ناوچەیەکی جیاواز لە سنووری هەولێر کراون و بەر لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەلایەن سیستمی بەرگرییی هاوپەیمانانەوە خراونەتە خوارەوە.هاوکات کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر زەنگی ئاگادارکردنەوەی لێداوە.


ئەمرۆ یەکشەممە، بە پێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، کەمیک پێش ئێستا چەند فرۆکەیەکی بێ فرۆکەوان ئاراستەی چەند ناوچەیەکی جیاوازی سنووری هەولێرکراوە و بەر لە گەیشتن بە ئامانجەکانیان لەلایەن سیستمی بەرگری هاوپەیمانانەوە بەرپەرچیان دراوەتەوە.

لەوبارەیەشەوە وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی دەستپێکی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێم داخران. لەو بارەیەشەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، بەمەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران و هاوڵاتیان سەرجەم گەشتەکان راگیراون.

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق وهەرێم گەشتەکانیان راگرتووە. وتیشی، "تا ئێستا کاریگەری و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری نەرێنی لەسەر خاکی عێراق دروست نەکردووە بەڵام رێکاری ئەمنی بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتە بەر".

میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، سوپای پاسداران بە دەیان مووشەک هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، لە ئیسرائیل قوتابخانە و زانکۆکان داخران و سوپا خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەن کە دەکرێتە سەریان. هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکی ئیسرائیل بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، "بۆ هەر هێرشیکی ئێران وەڵاممان دەبێت".

لەلایەکی دیکەوە، چاوگێکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، دەیان درۆن بە ئاسمانی عێراقدا بە ئاڕاستەی ئیسرائیل تێپەڕبوون.


 

 













گەلەری