سەردێڕ:

سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێم بەڕووی گەشتیاراندا داخران

PM:11:25:13/04/2024

22600 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، لە ئەنجامی دەستپێکی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق و هەرێم داخران. لەو بارەیەشەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، بەمەبەستی پاراستنی گیانی گەشتیاران و هاوڵاتیان سەرجەم گەشتەکان راگیراون.


ئەمڕۆ شەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوە کرد، بە مەبەستی پاراستنی گیانی هاوڵاتیان و گەشتیارانی عێراق سەرجەم گەشتەکانی ناوخۆ و دەرەوەی عێراق راگیراون.

 باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق وهەرێم گەشتەکانیان راگرتووە. وتیشی، "تا ئێستا کاریگەری و ئاڵۆزییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کاریگەری نەرێنی لەسەر خاکی عێراق دروست نەکردووە بەڵام رێکاری ئەمنی بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتە بەر".

هاوکات لەو بارەیەشەوە، میدیاکانی ئەمریکا بڵاویان کردەوە، سوپای پاسداران بە دەیان مووشەک هێرشی بۆ سەر ئیسرائیل دەست پێکرد. هاوکات میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، لە ئیسرائیل قوتابخانە و زانکۆکان داخران و سوپا خراوەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە.

لەبەرامبەریشدا ئیسرائیل رایگەیاند، بۆ وەڵامدانەوەی هەر هێرشێک ئامادەن کە دەکرێتە سەریان. هاوکات، بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆکی ئیسرائیل بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، "بۆ هەر هێرشیکی ئێران وەڵاممان دەبێت".

لەلایەکی دیکەوە، چاوگێکی ئەمنی عێراق رایگەیاند، دەیان درۆن بە ئاسمانی عێراقدا بە ئاڕاستەی ئیسرائیل تێپەڕبوون.

لەو بارەیەشەوە ئاژانسەکانی جیهانیش بڵاویان کردەوە، فڕۆکەکانی ئیسرائیل چەند ناوچەیەکی باشووری لوبنانیان بۆردومان کردووە.


 













گەلەری