سەردێڕ:

ئەپیکۆر: ئامادەین بۆ هەر هەنگاوێک بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم

PM:10:16:12/04/2024

4436 جار خوێندراوەتەوە

کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان رایگەیاند، سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کۆشکی سپی کە بڕیارە لە ١٥ـی نیسان ئەنجام بدرێت، دەرفەتێکی گرنگە بۆ کۆتایی هێنان بەو چەقبەستووییەی لە دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە تورکیاوە بوونی هەیە. دەشڵێت، "ئامادەین بۆ هەر هەنگاوێک کە بەهۆیەوە هەناردەی نەوتی هەرێم لە زووترین کاتدا دەست پێ بکاتەوە".


ئەمڕۆ هەینی، کۆمەڵەی پیشەسازی نەوتی کوردستان "ئەپیکۆر" لە نوسراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە، کۆمپانیاکانی ئەندام لە کۆمەڵەکە پابەندن بە گرێبەستەکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان و پێشوازی لە هەر دەستپێشخەرییەک دەکەن کە ببێتە هۆی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم.

باسی لەوەش کردووە، کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا لە کۆشکی سپی کە بڕیارە لە ١٥ـی نیسان بەڕێوە بچێت، دەرفەتێکی گرنگە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێک سەبارەت بە بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوت لەڕێگەی بۆری نەوتی عێراق و تورکیاوە.

وتیشی، "وەک کۆمەڵەی ئەپیکۆر گەیشتووین بەوەی کۆبوونەوەی سودانی و بایدن وا دەکات هەنگاوەکان بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم خێراتر بکرێن و لە زووترین کاتدا دەست بە هەناردەی نەوت بکرێتەوە".

ئەوەش لەکاتێکدایە، چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەی رۆژی ١٥ـی نیسان بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئابووری و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق سەردانی واشنتۆن دەکات. وتیشی، " لە سەردانەکەدا گفتوگۆ لەبارەی هەرێمی کوردستان دەکرێت".

باسی لەوەش کرد، هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پرسی مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەماهەنگی و فراوانکردنی کەرتی بانکی و سیستەمی ئابووری نەوتی و نانەوتی و لە واشنتۆن کۆدەبنەوە.

ئەوەشی خستە روو، پرسی دۆلار یەکێک دەبێت لە پرسە گرنگەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین رێکار و هەنگاوی نوێ بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی سیستەمی بانکی عێراق گیراوەتەبەر و ئاستی پێدانی دۆلاریش بەبانکەکانی ناوخۆ بەرزتر دەکرێتەوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ساڵێک بەسەر راوەستانی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم تێپەڕ بووە و بە گوێرەی راپۆرتی وەزارەتی سامانە سروشتیەکانی حکومەتی کاربەڕێکەر، راگرتنی نەوتەکە زیانی ١٢ ملیار دۆلاری هەبووە.













گەلەری