سەردێڕ:

نزیکەی ٤٥ هەزار گەشتیار سەردانی شاری سلێمانیان کردووە

PM:03:22:10/04/2024

2740 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا تاوەکو کاتژمێر ١٢ـی نیوەڕۆی ئەمڕۆ نزیکەی ٤٥ هەزار گەشتیار لە ناوچە جیاوازەکانەوە سەردانی شاری سلێمانیان کردووە بەمەبەستی بەسەربردنی پشووەکانی جەژن لە سلێمانی و رووکردنە ناوچە گەشتیارییەکان بەتایبەت پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند.


پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش کرد، پێشبینی دەکرێت لە دووەم و سێیەم رۆژی جەژندا ژمارەی ئەو گەشتیارانەی کە روویان لە شاری سلێمانی کردووە روو لە زیاد بوون بکات، بەوپێیەی کە زۆربەی ناوچە گەشتیارییەکان ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە هاوڵاتیان و گەشتیاران لە رۆژانی جەژندا.

باسی لەوەش کرد، بەپێی زانیارییەکانی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکانی شاری سلێمانی، ئەو شوێنانە دەتوانن لە یەک رۆژدا پێشوازی لە زیاتر لە ٢٥ هەزار گەشتیار بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەکاری تەواویان کردووە. 

وتیشی، بۆ رۆژانی جەژن لیژنەیەکی تایبەت بە سەرپەرشتیاری پارێزگاری سلێمانی و قائیمقامییەتی ناوەندی سلێمانی و فەرمانگە ئەمنییەکانی دیکە پێکهێنراوە بۆ پاراستنی ئاسایشی هاوڵاتیان و پاراستنیان لە هەر رووداوێکی نەخوازراو بەتایبەت لە شوێنە گەشتیارییەکان.

هاوکات، سەڵاح جەلیل بەرپرسی بەشی پێشوازی لە پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، هەر وەک ساڵانی رابردوو، ئامادەکاری تەواویان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران و ئەو هاوڵاتیانەی کە لە رۆژانی جەژن و بۆنەکاندا بۆ بەسەربردنی کاتەکانیان روو لە چاڤیلاند دەکەن.

ئەوەشی خستە روو، لە کاتژمێر ٩ـی بەیانییەوە تاوەکو کاتەکانی درەنگانی شەو، سەرجەم یارییەکانی ناو پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند، باخچەی ئاژەڵان، شوێنە خزمەتگوزارییەکان، کۆشک و کافتریاکانی ناو پڕۆژەی گەشتیاری چاڤیلاند بەڕووی هاوڵاتیان و گەشتیاراندا کراوەیە. وتیشی، " سەرجەم شوێنەکان بۆ رۆژانی دیکەی جەژن و دوای جەژنیش کراوە دەبن".

ئیحسان سابر- سلێمانی













گەلەری