سەردێڕ:

لە بەشێک لە گەڕەکەکانی هەولێر لافاو دروست بوو

PM:10:27:09/04/2024

3464 جار خوێندراوەتەوە

لە گەڕەکەکانی تەیراوا و گڵکەندی سێتاقان و شەقامی شەست مەتری و ژێر پردەکانی سەیداوا و فرانسۆ هەریری و چەند ناوچەیەکی دیکەی هەولێر لافاو دروست بووە و زیان بە ماڵی هاوڵاتیان گەیشتووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، بەهۆی بارینی بارانێکی بەخوڕ لە چەند گەڕەکێکی هەولێر لافاو دروست بووە و بەشێک لە هاوڵاتیان ماڵەکانیان چۆڵ کردووە بەپێی زانیارییەکان تا ئێستا تیمەکانی بەرگری شارستانی نەگەیشتوونەتە ئەو گەڕەکانە.

لەبارەی لافاوەکەوە پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، چەند ماڵیک لە سەر شەقامی هەولێر – کۆیە بەهۆی لافاوەوە زیانیان بەرکەوتووە وچەند ماڵیکێکیش ئاوچووەتە ماڵەکانیان و ماوەی کاتژمێرێکیشە لافاو لەو گەڕەکانە دروستبووە. دەشڵێت، " لە شەقامی بازاڕی لەنگە ئاستنەگی هاتووچۆ بۆ شۆفێران و هاووڵاتیان دروستبووە".

ئەوەش لە کاتێکدایە، لەماوەی سی مانگی رابردوودا ئەوە سێێەم جارە لافاو لە هەولێر دروستدەبێت و تا ئێستاش کێشەی لافاو چارەسەر نەکراوە و لە رابردوشدا پاریزگاری هەولێر رایگەیاند ٤٢ ملیار دیناریان بۆ رێگەگرتن لەدروستبوونی لافاو خەرجکردووە، بەڵام لەگەڵ بارانباریندا بەشێک لە گەڕەکەکان بەهۆی لافاوەوە ئاستنەگی هاتوچۆیان تێیدا دروستدەبێت.

ئومێد چۆمانی- هەولێر


 













گەلەری