سەردێڕ:

لە قوتابخانە و باخچەی ساوایاندا هەڵمەتی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە دەست پێدەکات

PM:05:59:09/04/2024

780 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری تەندروستی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی تەندروستی منداڵان بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستی عێراق و ریکخراوی تەندروستی جیهان و رێکخراوی یونسێف هەڵمەتی کوتانی سورێژە لە قوتابخانە و باخچەی ساوایاندا دەست پێدەکەن.


ئەمڕۆ سێشەممە، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حکومەتی کاربەرێکەر راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێێدا هاتووە، هەڵمەتێکی فراوانی کوتان دژی نەخۆشی سورێژە لە ناوچە جیاوازەکانی هەرێم دەستپێدەکات و تا دوو هەفتە بەردەوامی دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەڵمەتەکە بە هەماهەنگی و هاوکاری وەزارەتی تەندروستی عێراق و رێکخراوی تەندروستی جیهان و ریکخراوی یونسێف لە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن و دایەنگەکان لە ناوچە جیاوازەکان دەستپێدەکات. وتیشی، "هەڵمەتەکە بەردەوام دەبێت لە هۆشیارکردنەوە و بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لە کۆمەڵگادا بەرامبەر بە نەخۆشییە گوازراوە و وەرزییەکان".

باسی لەوەش کرد، هەڵمەتەکە لە باچخەی ساوایان و قوتابخانە سەرەتاییەكان بە هاوکاری سێ هەزار و ٢٨٠ کارمەندی پزیشیکی لەماوەی ماوەی دوو حەفتەدا ئەنجامدەدرێت و لەو ماوەیەشدا ٨٧٣ هەزار و ١٩١ خوێندکار و منداڵ ڤاکسینی سوورێژە وەردەگرن.

لەلایەکی تریشەوە ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەدوای جەژنی رەمەزان هەڵمەتی کوتانی سورێژە بۆ خوێندکارانی قۆناغی سەرەتایی و باخچەی ساوایان دەست پێ دەکەن. وتیشی، "هەڵمەتەکە تەواوی پارێزگاکانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە".

باسی لەوەش کرد، هەڵمەتەکە بۆ ماوەی ١٠ رۆژ بەردەوامی دەبێت و زیاتر لە حەوت ملیۆن و ٣٩٨ منداڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە. دەشڵێت، "هەڵمەتەکە بە زیاتر لە نۆ هەزار تیم لە ٢٣ هەزار قوتابخانەی بنەڕەتی جێبەجێ دەکرێت".

ساڵانە هۆکاری دەستپێکردنی کوتانی سورێژە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە حاڵەتەکانی توشبوون بە سورێژە لە چەند وڵاتێک سەر هەڵدەدات و چەند حاڵەتێکی توشبوون بە سورێژە لە عێراقیش تۆماردەکرێت.













گەلەری