سەردێڕ:

لیستی مووچەی وانەبێژان رەوانەی بەغدا دەکرێت

PM:03:19:09/04/2024

7960 جار خوێندراوەتەوە

وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێم رایگەیاند، ئامادەکاری دەکەن بۆ ناردنی لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ بۆ بەغدا بۆ ئەوەی لەگەڵ تەواوی مووچەخۆراندا مووچەکانیان وەربگرن. بەپێی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تیـش، بەغدا داوای لیستەکەی کردووە.


ئالان حەمەسەعید وەزیری پەروەردەی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاندووە، پاش جەژن لیستەکە دەنێرن و ئامادەکاری دەکەن لیستی مووچەی مامۆستایانی وانەبێژ لەسەر بنەمای بە گرێبەستبوونی (کۆی وانەبێژان) لە ڕێگەی حکومەتی هەرێمەوە ئاراستەی حکومەتی عێراق بکەن.

 ئاماژەی بەوەشکردووە، ناردنی لیستەکە بەو مەبەستەیە مامۆستایانی وانەبێژ وەک گرێبەستی هەمیشەیی و لەگەڵ هەموو مووچە خۆراندا شایستەی داراییان وەربگرن.

لەوبارەیەشەوە چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای جەژن گفتوگۆکان لەسەر دامەزراندن و گۆڕانکاری لە مووچەی خانەنشینان و وانەبێژانیش دەکرێت ئەوەش وادەکات خەرجی مووچە لە ٩٤٩ ملیار دینارەوە بەرزببێتەوە بۆ یەک ترلیۆن دینار لەسەر پشکی هەرێم لە بوودجەی ساڵی ٢٠٢٤دا.
هاوکات، عەلی رەئوف نوێنەری وانەبێژان لە هەولێر باسی لەوە کرد، ئەوان داوای دامەزراندیانیان کردووە و پێویستە سەرجەم مامۆستایان فۆڕمی دامەزراندن پڕبکەنەوە کە لە قوتابخانەکاندا دابەشکراوە. 

 ماوەی چەندین ساڵە مامۆستایانی وانەبێژ گرفتیان هەیە و ساڵانە خۆپیشاندان دەکەن و باس لەوەدەکەن، مافەکانیان وەک مامۆستایانی دیکە نییە و تەنانەت لە سیستمی پێدانی مۆڵەتیشدا جیاوازیان دەکرێت. جگە لەوەی شایستە داراییەکانیان لەکاتی خۆیدا پێنادرێت. بە جۆرێک لەم هەفتەیەدا شایستە داراییەکانی مانگی ١ی ئەمساڵیان وەرگرتووە.

ئەوەش لەکاتێکدایە،بەهۆی نزیکبوونەوە لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، حکومەتی کاربەڕێکەر وا خۆی دەردەخات وەک ئەوی بیەوێت گرفتەکانی مامۆستایان و مووچەخۆران چارەسەر بکات. کە ئەوەش بەشێکە لە بانگەشەی هەڵبژاردن.


 













گەلەری