سەردێڕ:

پۆلیسی سلێمانی: لە مانگی رەمەزاندا هیچ حاڵەتێكی کوشتن رووی نەداوە

PM:02:29:09/04/2024

3296 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە ماوەی مانگی رەمەزاندا، هیچ حاڵەتێکی کوشتن لە شاری سلێمانی رووینەداوە. دەشڵێت، فرۆشتنی بابەتی تەقەمەنی لە جەژندا قەدەغەیە و هەرکەسێک بیفرۆشێت سزا دەدرێت.


ئەمڕۆ سێشەممە، سەرکەوت ئەحمەد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لەمانگی رەمەزاندا بەردەوام هێزەکانیان لە ناوشاردا لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بوون و هیچ رووداوێکی کوشتن رووینەداوە و کەمترین رووداوی شەڕکردن و تەقەکردن لە مانگی رەمەزاندا تۆمار کراوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، سبەینێ کە یەکەم رۆژی جەژن دەکات، هێزەکانیان لە سەرقەبران و ئەو شوێنانەی کە ئاهەنگ و کۆبوونەوەی تێدایە دابەش دەبن و شەوانیش هێزەکانی نەهێشتنی تاوان لە ئەرکدا دەبن.

ئەوەشی خستە روو، سەرجەم مارکێتەکان ئاگادار کراونەتەوە کە فرۆشتنی بابەتی تەقەمەنی لە جەژندا قەدەغەیە و هەرکەسێک بیفرۆشێت سزا دەدرێت و رووبەرووی یاسا دەکرێتەوە.

وتیشی، "داوامان لە هاوڵاتیان کردووە لە کاتی بێزارکردنیان لە رۆژانی جەژندا بەهۆی بابەتی تەقەمەنی، پەیوەندی بە هێڵە گەرمەکانمانەوە بکەن".

گۆران لوقمان - سلێمانی












گەلەری