سەردێڕ:

سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆن: ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت

AM:11:27:09/04/2024

1720 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت.


سەربەست ئامێدی سەرۆکی پێشووتری کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دەنگی ئەمریکای راگەیاند، لە ساڵی ٢٠٠٤ـەوە تا ئێستا هەموو هەڵبژاردنەکانی عێراق و هەر لە هەمان ساڵەوە تاساڵی ٢٠١٤ هەموو هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان هەر ئەم کۆمسیۆنەی ئێستا ئەنجامی داوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا هەموو ئاماژەکان بەو ئاڕاستەیەن کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە کاتی خۆیدا لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ئەنجام دەدرێت.

رۆژی رابردوو، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئامادەن بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەو وادەی دیاری کراوە.

هەروەها، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە کۆبوونەوەی سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، جەخت کرایەوە لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکانی بەردەم کۆمسیۆن و ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەشێوەیەکی ئازاد و دادپەروەرانە لە رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی ٢٠٢٤دا بەردەوامن.













گەلەری