سەردێڕ:

ئەمڕۆ ٢١ ساڵ بەسەر پڕۆسەی ئازادکردنی عێراقدا تێدەپەڕێت

AM:10:19:09/04/2024

2668 جار خوێندراوەتەوە

لەدوای راگەیاندنی پڕۆسەی ئازادی عێراق و هاتنی هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان ئەمڕۆ ٩ی نیسان، ٢١ ساڵ بەسەر رووخانی رژێمی بەعسدا لە عێراق تێدەپەڕێت. ئەو رۆژەی لە یادەوەریی عێراق و کوردستاندا ناسڕێتەوە.


ئەمڕۆ رێکەوتی ٩ی نیسان، ٢١ ساڵ بەسەر پڕۆسەی ئازادی عێراق و روخانی رژێمی بەعس بەسەرۆکایەتی "سەدام حسێن" لە عێراق تێدەپەڕێت، هێشتا زۆرێک لە عێراقییەکان ئەو رۆژانەیان وەک یادەوەرییەکی ناخۆش لەبیر ماوە.

 

رژێمی بەعس، ئەو رژێمەی بە دیکتاتۆر ناوی دەرکردووە، کە بووە هۆی ئەنجامدانی چەندین کۆمەڵکوژی و ئەنفال و بەکارهێنانی چەکی کیمیایی بەرامبەر بە کورد.

دەسەڵاتی رژێمەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵانی ١٩٦٨ بۆ ٢٠٠٣ و لەو ساڵانەدا عێراق رووبەڕووی سەختی زۆر بووەوە، بە جۆرێک سیاسەتی رژێمەکە وایکرد لەگەڵ ئێرانی وڵاتی هاوسنووریدا ببێتە شەڕی و هەشت ساڵ لە شەڕ بەردەوام بوون.

ئێستاش بەشێکی زۆری هاوڵاتییانی عێراق کە لە سەردەمی رژێمی بەعسدا ژیاون، یادەوەرییە ناخۆشەکانی ئەو کاتەیان لە خەیاڵدایە، تەنانەت زۆرێک لە گەنجەکان کە لەو ساڵانەدا مێردمنداڵ بوون، ئازاری ئەشکەنجەکانی زیندان لە ناخیاندا ماوە و چەندان کەسی دیکە رۆژ بە رۆژ برینی لەدەستدانی کەسوکار و رۆڵەکانیان بەهۆی ئەو رژێمەوە دەکولێتەوە.

رووخانی رژێمی بەعس

لە شوباتی ساڵی ٢٠٠٣، کۆڵن پاوڵی وەزیری ئەوکاتەی دەرەوەی ئەمریکا گرووپی ئەنسارولئیسلامی بەوە تۆمەتبار کرد، رۆڵیان ھەبووە لە پەیوەندی نێوان ئوسامە بن لادنی سەرۆکی رێکخراوی ئەلقاعیدە و حکومەتی عێراقدا.

لە٢٠ی ئازاری ٢٠٠٣، ھێزە ھاوپەیمانەکان بە سەرکردایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ھێرشی ئاسمانیان بۆسەر عێراق دەست پێکرد و ھەردوو پارێزگای (کەرکووک و مووسڵ) رووبەڕووی بۆردومانێکی چڕ بوونەوە.

لە٢٢ ی ئازاری ٢٠٠٣، ھێزی کروزی ھاوپەیمانان بە ھێرشی ئاسمانی و ساروخ توانیان لە گرووپی ئەنسارولئیسلام بدەن کە بارەگایان لە ناوچەی خورماڵ بوو.

لە٢٧ی ئازاری ٢٠٠٣، سەدان مارێنزی ئەمریکی لە باکووری ھەولێر بە پەرەشووت نیشتنەوە و داخڵی خاکی کوردستان بوون. بەم شێوەیە دەروازی باکوور بۆ ھێزە ھاوپەیمانەکان کرایەوە تا بتوانن ھێرش بکەنە سەر حکومەتی عێراقی.

لە ٩ی نیسانی ٢٠٠٣، ھێرشی ھێزە ھاوپەیمانەکان بۆسەر خاکی عێراق دەستی پێکرد و دەسەڵاتی حکومەت شکێنرا لەناو شاری بەغدا، حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بە ھاوکاری ھێزە ھاوپەیمانەکان توانیان کۆنتڕۆڵی شاری کەرکووک و مووسڵ بکەن.

کەم کەس هەیە ئەو دیمەنەی لەیاد نەبێت کە تیایدا پەیکەری سەدام حسێنی سەرۆککماری ئەوکاتی عێراق دەڕوخێنرێت.

دوای هێرشەکان ١٥٠ هەزار سەربازی ئەمریکی و ٤٠ هەزار سەربازی بەریتانی هاتنە ناو خاکی عێراق و دوای سێ هەفتە لەبەرواری نۆی نیسانی ٢٠٠٣دا شاری بەغدا کەوتە دەست هێزەکانی ئەمریکا.

دواتر، سەدام حسێن بۆماوەی هەشت مانگ بێسەروشوێن بوو و دوای ئەوەی دۆزرایەوە و دەستگیرکرا، لە کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٠٦ لەسێدارە درا.

دوای رووخانی رژێمی بەعس

لەدوای رووخانی رژێمی بەعسیشەوە، عێراق چەندین سەختی بەخۆوە بینی و کەوتە قۆناغێکی خوێناوییەوە، بە نزیکەیی لە ساڵی ٢٠١٤شەوە و دوای دەستڕاگەیشتنی چەکدارانی داعش بە ناوچەکە، عێراق و هەرێم کەوتنە ناو قۆناغێکی نوێ بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو چەکدارانەوە، شەڕی ئەو گرووپە چەکدارییە چەند ساڵێکی خایاند، هەریەک لە هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بە هاوکاری هێزەکانی هاوپەیمانان بەردەوام بوون لە شەڕ و لە کۆتاییدا دوای سێ ساڵ کۆنتڕۆڵکردنەوەی شاری موسڵ راگەیەنرا، بەڵام شارەکە خاپوور کرابوو و ئێستاش ناو بە ناو گۆڕی بە کۆمەڵ و پاشماوەی چەکدارانی داعش لە موسڵ و عێراق بە گشتی دەدۆزرێنەوە.

بە وتەی بەرپرسانی عێراق بەھۆی کەوتنی شاری موسڵ بە دەستی داعش، بەرێژەی ٪٧٠ زیان بە ژێرخانی شارەکە کەوتووە و زیانە ماددییەکانی شەڕی موسڵ بە ١٠٠ ملیار دۆلار خەمڵێندراوە، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٤دا تا ٢٠١٧دا، ١٥ ملیار بۆ ئاوەدانکردنەوەی ژێرخانی شارەکە خەرجکراوە.

شەڕی داعش عێراقیشی خستە قۆناغێکی سەختی ئابوورییەوە و دوا بەدوای ئەوانەش سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی تشرین لە ساڵی ٢٠١٩ و بەردەوامبوونی چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

هەرێمیش بەدەر نەبووە لەو قۆناغە سەختانە و لە ساڵی ٢٠١٤وە هەر جارەی بە بیانوویەک دەسەڵاتدارانی ناوچەکە باس لە قەیرانی دارایی دەکەن و هاوڵاتییانی هەرێم بە دۆخێکی سەختدا تێدەپەڕن لە نەبوونی خزمەتگوزاری و مووچە. بە جۆرێک دوای هاتنەدی ئاواتی هاوڵاتییان بۆ رزگاربوون لەدەست رژێمی بەعس و بوون بە خاوەنی حکومەتێکی کوردی، ئێستا و لە ساڵی ٢٠٢٤دا، چاوەڕوانی بەغدان مووچەی مانگانەیان بۆ بنێرێت.

جگە لەوەی چەندین سێکتەر لە هەرێم پەکییان کەوتووە، وەک نەبوونی دەرمان لە نەخۆشخانەکان و سستی پڕۆسەی خوێندن، بە جۆرێک ساڵی خوێندنی ٢٠٢٣-٢٠٢٤، لەبری ئەوەی لە مانگی ٩ی ٢٠٢٣دا دەستپێبکات، بەهۆی پێنەدان و دابەشنەکردنی مووچە بە مامۆستایان، لە ناوەڕاستی مانگی ٢ی ٢٠٢٤ دەستیپێکرد.


 

هـ.ئـ

 













گەلەری