سەردێڕ:

جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە

AM:08:14:08/04/2024

6692 جار خوێندراوەتەوە

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەکرد، جارێکی دیکە ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتەوە.


ئەوەشی خستەڕوو، ئاگرەکە بەردەوامە و هێشتا زیانەکانی نەزانراون. وتیشی، ئاگرەکە خێرا بڵاودەبێتەوە و تیمەکان سەرقاڵی کۆنتڕۆڵکردنین.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەش كرد، دووبارە چەند دووکانێک سووتاون کە لە ئاگرەکەی پێشوودا سووتابوون.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی دەشڵێت، ئەو کاسبکارانە سەرقاڵی نوێکردنەوە و نۆژەنکردنەوەی دوکان و کەلوپەلەکانیان بوون بۆ جەژن، بەڵام جارێکی دیکە دووکانەکانیان سووتاون.

باسی لەوەشکرد، تاوەکو ئێستا هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە رانەگەیەنراوە و نازانرێت زیانەکان چین و تیمەکان بەردەوامن لە کارەکانیان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە.

هاوکات، کاروان میراودەلی وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئاگرەکە بە دوو قۆناغ دروست بووە و لە قۆناغی یەکەمدا کاتژمێر ٦:٤٣ خولەک پەیوەندییان پێوە کراوە لەوەی ئاگر لە بازاڕی لەنگەی هەولێر کەوتووەتەوە، تاوەکو تیمەکانیان گەیشتوونەتە شوێنەکە، دوکاندارانی بازاڕەکە ئاگرەکەیان کۆنتڕۆڵ کردووە بەڵام دوای زیاتر لە یەک کاتژمێر دووبارە ئاگرەکە دەستی پێ کردووەتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا ١٧ تیمی بەرگری شارستانی لە شوێنی رووداوەکەن و هەوڵی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە دەدەن. وتیشی، تا ئێستا قەبارەی زیانەکان نازانرێت و دواتر بەشێوەیەکی فەرمی قەبارەی زیانەکان بەتەواوی دەخەنە روو.

لەماوەی کەمتر لە دوو مانگدا ئەمە دووەم رووداوی ئاگرکەوتنەوەیە لە بازاڕی لەنگەی هەولێر، جگە لەوەی لە ساڵانی رابردووشدا زوو زوو ئاگر لە لەنگەی هەولێر کەوتووەتەوە و بووەتە هۆی گەیاندنی زیانێکی زۆر بە هاوڵاتییان و کاسبکارانی بازاڕەکە.















گەلەری