سەردێڕ:

دوای جەژن مووچەی مانگی چوار دابەش دەکرێت؟

PM:11:35:07/04/2024

76664 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای رێککەوتن و لێکتێگەیشتنەکان لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق مووچەی مانگی چوار لە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوتی جیاکراوەتەوە. دەشڵێت، "بەپێی کات دەست دەکەینەوە بە پلەبەرزکردنەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم".


ئەمرۆ یەکشەممە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر لەبارەی رێککەوتنەکانیان لەگەڵ بەغدا بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای چەندین جار لە سەردانیکردنی بەغدا توانیان بۆ یەکلایی کردنەوەی پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دوای بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بگەنە رێکەوتن.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە ئێستادا پرسی مووچەی مووچەخۆران هەرێم چارەسەرکراوە و وەک مووچەخۆرێکی عێراق لە کاتی خۆیدا مووچەکانیان بەبێ دواکەوتن وەردەگرن. وتیشی، "بە پشتبەستن بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی بەمەبەستی چارەسەرکردنی کێشەکان پرسی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە داهاتی ناوخۆ و داهاتی نەوتی جیاکراوەتەوە".

باسی لەوەش کرد، لە ئێستادا سەرجەم وەزارەتەکانی هەرێم راسپێردراون کە لیستی پلە بەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی وەزارەتەکانیان ئامادەبکەن تا دوای جەژن، هەوڵدەدەن دوای جەژن جارێکی دیکە بۆ یەکلایی کردنەوەی پلەبەرزکردنەوە مووچەخۆرانی هەرێم لە رێگای میکانیزمێکی نوێ سەردانی بەغدابکەنەوە.

جەختی لەوەش کردەوە، کە لەدوای جەژن شاندێکی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر سەبارەت بە چارەسەرکردن و دۆزینەوەی میکانیزمیکی نوێ بۆ یەکلایی کردنەوەی رێکخستنی مووچەی خانەنشینانیش لەگەڵ عێراق کۆدەبنەوە. دەشڵێت، "لەگەڵ بەغدا پرسی وانەبیژانی هەریم یەکلایی دەکەینەوە و وەک یەکەم هەنگاویشمان وانەبێژانی هەرێم دەکەینە گرێبەست".

چاوگەکەی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر راشیگەیاند، دوای رێککەوتنەکان لە نێوان هەرێم و بەغدا مووچە لە پرسی نەوت جیاکراوەتەوە و بەوەش بە تەواوی مووچەی مووچەخۆران لە کاتی خۆیدا دابەشدەکرێت، بەهۆی ئەوەشەوە دەتوانن دەست بە پلەبەرزکردنەوە بکەنەوە.

باسی لەوەش کرد، ئەو مووچەخۆرانەی کە لە وادەی راگرتنی پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێمدا خانەنشین بوون، وەک میکانیزمی سەرەتا لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی و وەزارەتەکەیەوە پلە بەرزکردنەوەکەی بۆ هەژماردەکرێت.

وتیشی، "دوای هەژمارکردنی پلەبەرزکردنەوەی ئەو مووچەخۆرە ئەوە بە گوێرەی یاسایی خانەنشینی لە بەرزترین مووچەیدا مووچەبەستنی خانەنشینی بۆدەکرێت و مووچەکەی گۆڕانکاری تێدا دەکرێت".

هـێڤیدار شەعبان- دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی













گەلەری