سەردێڕ:

دادگای فیدراڵی: دەبێت نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵیان هەبێت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێم

PM:03:02:07/04/2024

2336 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی دادگای فیدراڵی رایگەیاند، پێویستە نەتەوە یەكگرتووەكان رۆڵیان لە چارەسەری كێشەكانی بەردەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەبێت و سەرجەم لایەنەکان و نەتەوە یەکگرتووەکان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هەڵبژاردنی هەرێم بەبێ دواخستن لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت. دەشڵێت، لایەنە عێراقیەکان دواخستنی هەڵبژاردنیان رەتکردوەتەوە و دژی دواخستنی زیاتری هەڵبژاردنەکانی هەرێمن.


ئەمڕۆ یەکشەممە، جاسم محەمەد سەرۆکی دادگای فیدراڵیی عێراق لەبارەی هەوڵەکانی دادگای فیدراڵی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەگەڵ جێنین پلاسخارت نێردەی تایبەتی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە بەغدا کۆبوەوە و لە میانەی کۆبوونەوەکەیاندا پرسی هەڵبژاردنەکانی هەرێم تاوتوێ کرا.

هاوکات، سەرۆکی دادگای فیدراڵی بە نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکانی راگەیاندووە، پێوسیتە نەتەوە یەکگرتووەکان رۆڵی کاریگەریان هەبێت لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنی هەرێم لەکاتی خۆیدا بەبێ دواخستنی زیاتر.

جاسم محەمەد سەرۆکی دادگاکە جەختی لەوەش کردەوە، سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی عێراق بەهیچ جۆرێک لەگەڵ ئەوەدا نین کە هەڵبژاردنەکانی هەرێم دوابخرێت و پێویستیشە لەکاتی خۆیدا ئەنجام بدرێت.

لەلایەکی تریشەوە، بە گوێرەی راگەیەندراوێکی دادگای فیدراڵی لەبارەی کۆبوونەوەی سەرۆکی دادگای فیدراڵی و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان، تاوتوێی رۆڵ و کاریگەری بڕیارەکانی دادگای فیدراڵی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا کراوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بەردەوامن. بە گوێرەی زانیارییەکانیش، لە کۆبوونەوەی شەوی رابردووی ئیدارەی دەوڵەتدا، یەکێتی رازی بووە بە داواکاری پارتی بۆ دواخستنی هەڵبژاردنەکان بۆ جاری پێنجەم و تا مانگی ١٠ـی ئەمساڵ.













گەلەری