سەردێڕ:

دەست بە دابەشکردنی شایستە داراییەکانی وانەبێژان دەکرێت

AM:11:14:07/04/2024

6260 جار خوێندراوەتەوە

نوێنەری گشتیی مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، سبەی دووشەممە، شایستە داراییەکانی مانگی یەکی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت.


ئەمڕۆ یەکشەممە، کارۆخ عەبدوڵا، نوێنەری مامۆستایانی وانەبێژ رایگەیاند، سبەی دووشەممە، ٨ـی نیسان، شایستە داراییەکانی مانگی یەکی مامۆستایانی وانەبێژ دابەش دەکرێت.

هاوکات، ئەو مامۆستا وانەبێژانەی هەڵگری بڕوانامەی دبلۆمن، ٣٥٠ هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت، هەڵگرانی بڕوانامەی بەکالۆریۆسیش، بڕی ٤٠٠ هەزار دیناریان بۆ خەرج دەکرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە، وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە زیاتر لە ٤٣٠ ملیار دیناری دیکە خراوەتە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان.

چاوگێکیش لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە گوێرەی پلانی وەزارەتی دارایی و پشتبەست بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ بەبانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەم هەفتەیەدا گوژمەیەکی تری پارە بۆ هەرێم دەنێرن. وتیشی، " گوژمەکە بەگوێرەی خشتەی دارایی لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیار دیناردا دەبێت".
گۆران لوقمان - سلێمانی













گەلەری