سەردێڕ:

دارایی هەرێم: ٤٣٠ ملیار دیناری دیکە خرایە سەر هەژماری بانکیمان

AM:10:46:07/04/2024

10940 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر رایگەیاند، بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار لەلایەن وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقەوە کەمێک پێش ئێستا زیاتر لە ٤٣٠ ملیار دیناری دیکە خرایە سەر هەژماری وەزارەتەکەیان. دەشڵێت، " ئەمە دووەم گوژمەیە کە بۆمان نێردراوە".


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی کاربەڕێکەر لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە و تێیدا هاتووە، لەلایەن وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی عێراق بڕی ٤٣٠ ملیار و ١٠٩ ملیۆن دیناری دیکە خرایە سەر هەژماری بانکیی وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر.

 

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەوە دووەم گوژمەیە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێراقەوە بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار نێردراوە.

هاوکات، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بە گوێرەی پلانی وەزارەتی دارایی و پشتبەست بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بۆ تەوتینی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، لەم هەفتەیەدا گوژمەیەکی تری پارە بۆ هەرێم دەنێرن. دەشڵێت، " بەگوێرەی خشتەی دارایی لە نێوان ٢٠٠ بۆ ٣٠٠ ملیار دیناردا دەبێت گوژمەکە".

ئاماژەی بەوەش کرد،بە مەبەستی کەمکردنەوەی مەترسییەکانی بەردەم نەختینەی دینار لە بانکەکاندا، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بە چوار گوژمە دەنێردرێت و هەر لیستێکی مووچە دوای تەواوبوونی وردبینی گوژمەی تایبەت بە لیستەکە دەنێردرێت. وتیشی، " وردبینی لە لیستی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم تا کاتی جێبەجێکردنی بڕیاری بەبانکیکردن بەردەوام دەبێت".

لەلایەکی دیکەوە، چاوگێک لە وەزارەتی دارایی حکومەتی کاربەڕێکەر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، دوای دابەشکردنی مووچەی مانگی ئازار دەست بە ئامادەکردنی لسیتی مانگی نیسان دەکەن و بەگوێرەی بڕیارەکانیش دەست بە پلەبەرزکردنەوەی مووچەخۆرانی هەرێم دەکەنەوە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، دوێنێ شەممە، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، جەخت دەکەنەوە لە چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، ئەوەش لە دوای بڕیارەکانی ئەم دواییانەی دادگای فیدڕاڵی دێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، بڕیاریانداوە بەردەوام بن لە خەرجکردنی مووچەی سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێم بەپێی دەستوور و بەشێوەیەک کە لەگەڵ بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی بگونجێت.


 













گەلەری