سەردێڕ:

کاریگەرییەکانی رۆژووگرتن لەسەر جەستە

PM:10:29:06/04/2024

1540 جار خوێندراوەتەوە

رۆژووگرتن لە مانگی رەمەزاندا کاریگەری لەسەر لایەنی جەستەیی و دەروونی مرۆڤ هەیە، ئەگەر رێجیمێکی تەندروست پەیڕەو بکرێت، رۆژوو کاریگەری ئەرێنی لەسەر تەندروستی رۆژووگر دەبێت، ئەمەش بەپێی چەند لێکۆڵینەوەیەکی زانستی و راسپاردەی پسپۆڕان و پزیشکەکانە.


ماڵپەڕی "الجزیرة" لە بابەتێکیدا روونكردنه‌وەی‌ له‌سه‌ر چەند خاڵێکی گرنگ له‌ سووده‌ ته‌ندروستییه‌كانی رۆژووگرتن داوە، ئەوانیش بریتین لە:

١. دابەزینی کێشی جەستە: دوای چەند كاتژمێر لە خۆراک نەخواردن، گەدە بەتاڵ دەبێت، جەستە بۆ بەدەست هێنانی وزەی پێویست پەنا دەباتە بەر ئەو گلوکۆزەی لەناو ماسوولکە و جگەردایە بۆیە هەست بە شەکەتی ماسوولکەکان دەکەین، دوای تەواوبوونی شەکری پێویست ئینجا چەوری زیادە دەتوێتەوە بۆیە کێش دادەبەزێت.

٢. پاکبوونەوە لە پاشەڕۆ و ژەهرەکان: دوورکەوتنەوە لەخواردن و خواردنەوە بۆ ماوەیەکی درێژ جەستە پاک دەکاتەوە لە ژەهر و ماددە زیانبەخشەکان، ریخۆڵەکان خاوێن دەکاتەوە و سووڕی خوێن چالاک دەکات.

٣. دابەزینی چەوری خوێن: چەندین توێژینەوە ئەوەیان دەرخستووە کە بەڕۆژووبوون رێژەی چەورییە خراپەکانی دڵ و سەر جگەر دادەبەزێنێت و رێژەی چەوری باش بەرز دەکاتەوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ بەکارهێنانی چەوری کۆبووەوەی ژێر پێست و جگەر لەلایەن جەستەوە.

٤ .بەهێزکردنی بەرگری جەستە: بەڕۆژووبوون ئاستی دژە ئۆکسان و دژەهەوکردنەکان زیاد دەکات ئەمانەش کاریگەری باشیان هەیە بۆ کەم کردنەوەی مەترسی مردنی خانەکان، خانە شێرپەنجەییەکان و تووشبوون بە نەخۆشی لەبیرچوونەوە.

٥. هێورکردنەوەی دەروون: هەرچەندە لە سەرەتای بەڕۆژووبوون بەهۆی وشکبوونەوە و دابەزینی ئاستی شەکری خوێن و تێکچوونی کاتی خەو و خواردن باری دەروونی تێک دەچێت بەڵام وردە وردە کەسی بەڕۆژوو لەگەڵ ئەم بارە تازەیە رادێت، لە کۆتاییدا بەهۆی زیاد دەردانی هۆڕمۆنەکانی ئیندۆرفین و سیرۆتۆنین و تازەبوونەوەی خانەکانی مێشک بەڕۆژووبوونی رەمەزان کاریگەری باشی دەبێت بۆ کەمکردنەوەی خەمۆکی و دڵەڕاوکێ.













گەلەری