سەردێڕ:

وەزیرى سەرچاوەکانى ئاو: بەهۆی بارانبارینەوە مەترسى وشکبوونى زۆنگاوەکانى باشور نەماوە

AM:11:35:02/04/2024

1252 جار خوێندراوەتەوە

وەزیرى سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاند، بەهۆى بارینى باران و لافاوەوە، زۆنگاوەکانى عێراق بوژاونەتەوە و مەترسى وشکبوونیان تێپەڕاندووە.


ئەمڕۆ سێشەممە، عەون زیاب وەزیرى سەرچاوەکانی ئاوی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا ئاماژەى بەوەکرد، ئەمساڵ لە کۆى ٢٦ پڕۆژە ١٦ پڕۆژەى ئاودێرییان لە باشورى عێراق جێبەجێ کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، بەهۆی بارانبارین و لافاو لەمساڵدا زۆنگاوەکان بەنزیکەى ٥٠٪ ژیاونەتەوە و مەترسى وشکبوونیان تێپەڕاندووە، بەردەوامیشن لە کۆگاکردنى ئاو بۆ وەرزی هاوین.

پێشتریش، وەزیرى سەرچاوەکانى ئاوى عێراق بۆ رۆژنامەى سەباح ئەوەی خستە روو، ئاستى ئاو لە بەنداوەکانى موسڵ، دوکان، دەربەندیخان، حەمرین و عوزێم بەشێوەیەکى بەرچاو زیادى کردووە و ئاوى پێویستیش بۆ باشور و ناوەڕاستى عێراق بەردەدرێتەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، "یەدەگى ئاوى عێراق لە حەوت ملیار مەترى سێجاوە بۆ ١٠ ملیار مەترى سێجا زیادى کردووە".

رۆژی ٢٥ـی ئازار، وەزارەرتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ وڵاتانی هاوسێی عێراقدا سەبارەت بە سێ هۆکاری ستراتیژی دانوستانیان کردووە بۆ ئەوەی پشکی ئاوی عێراق بدەن. وتیشی، "لە رێگەی چەند رێکارێکی نوێوە سوود لە ئاوی باراناو دەبینین بۆ ئەوەی لە هاویندا بەکاریبهێنینەوە".













گەلەری