PM:04:21:24/03/2024
1092 جار خوێندراوەتەوە
وتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا تایبەتە بە پرسی کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانان، هەروەها لەو نێوەندەشدا تاوتوێی پرسی دارایی و بڕیارەکانی گەنجینەی ئەمریکا لەسەر بانکەکانی عێراق دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە، باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند، ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ ئەمریکا و کۆبوونەوەی لەگەڵ جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە، تاوتوێ کردنی پەیوەندییەکانی داهاتووی نێوان عێراق و ئەمریکایە لەدوای کۆتایی هاتنی ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی.
ئاماژەی بەوەش کرد، ئامانجێکی
دیکەی سەردانەکە تاوتوێ کردنی پرسی دارایی و بڕیارەکانی گەنجینەی ئەمریکایە لەسەر
بانکەکانی عێراق و هەروەها گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پارانەی عێراق قەرزارە.
ئەوەشی خستە روو، دیوێکی دیکەی
کۆبوونەوەی سودانی و جۆ بایدن تایبەت دەبێت، بە پرسی ناوچەیی و جەنگی غەززە و پەیوەندییەکانی
بە عێراق و وڵاتانی دراوسێوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا،
چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند،
بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئاسایش و ئابووری لوتکەی عێراق و ئەمریکا رۆژی دووشەممە
١٥ـی نیسانی ٢٠٢٤ لەسەر بنەمای بانگهێشتنامەی جۆ بایدن سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد شیاع
سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆن دەکات.