سەردێڕ:

یەدەگی سامانی سروشتیی عێراق لە ریزبەندی نۆیەمی وڵاتانی جیهاندایە

PM:08:23:23/03/2024

1320 جار خوێندراوەتەوە

بە گوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی ستاتیستا، یەدەگی سامانی سروشتیی عێراق لە ریزبەندی نۆیەمی وڵاتانی جیهاندایە. روسیا و ئەمریکاش لە پلەی یەکەم و دووەمدان.


ئەمڕۆ شەممە، ماڵپەڕی ستاتیستا بڵاوی کردەوە، وڵاتی روسیا لە رووی یەدەگی سامانە سروشتییەکانەوە بە پلەی یەکەم دێت لە جیهاندا و بەهای یەدەگی دەگاتە ٧٥ ترلیۆن دۆلار کە خەڵوز و نەوت و گازی سروشتی و زێڕ و دار و کانزا دەگمەنەکانی زەوی لەخۆدەگرێت.

ئاماژە بەوەش کراوە، ئەمریکا بە پلەی دووەم دێت و بەهای مەزندەکراوی یەدەگی سامانە سروشتییەکانی دەگاتە ٤٥ ترلیۆن دۆلار کە نزیکەی ٩٠٪ـی لە خەڵوز و دار پێکدێت.

ئەوەش خراوەتە روو، وڵاتی عێراق لە جیهاندا بە پلەی نۆیەم دێت لە رووی یەدەگی سامانە سروشتییەکان و بەهای ئەو یەدەگەی هەیەتی بە ١٥.٩ ترلیۆن دۆلار دەخەمڵێنرێت، هەروەها زەوییەکانی عێراق نەوت و غاز و فۆسفات و گۆگرد لەخۆدەگرن.

ئەوەش لەکاتێکدایە، عێراق بە دووەم گەورەترین بەرهەمهێنەری نەوتی خاو لە رێکخراوی ئۆپێک دادەنرێت، لە پلەی پێنجەمی جیهانیشدایە لە خاوەنی یەدەگی سەلمێنراوی نەوتی خاو، هاوکات بۆ دابینکردنی بڕێکی زۆر لە داهاتەکانیشی پشت بە هەناردەکردنی نەوتی خاو دەبەستێت.













گەلەری