سەردێڕ:

وردەکاری سەردانەکەی سودانی بۆ واشنتۆن

PM:10:37:22/03/2024

3516 جار خوێندراوەتەوە

چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، سەرۆک وەزیرانی عێراق رۆژی ١٥ـی نیسان بۆ تاوتوێکردنی پرسی ئابووری و مانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق سەردانی واشنتۆن دەکات. دەشڵێت، "ئاسایشی ناوچەکە پرسی سەرەکی نێوان ئەمریکا و عێراق دەبێت".


ئەمڕۆ هەینی، چاوگێک لە نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیایی ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی ئاسایش و ئابووری لوتکەی عێراق و ئەمریکا رۆژی دووشەممە ١٥ـی نیسانی ٢٠٢٤ لەسەر بنەمای بانگهێشتنامەی جۆزێف بایدن سەرۆکی ئەمریکا، محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتۆن دەکات.

ئاماژەی بەوەش کرد، هەریەک لە سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی ئەمریکا لەسەر پرسی هەماهەنگی و فراوانکردنی کەرتی بانکی و سیستەمی ئابووری نەوتی و نانەوتی لە واشنتۆن کۆدەبنەوە و بۆ ئەو مەبەستەش لیژنەیەک لە عێراق بەڕێکەوتووە.

باس لەوەش کراوە، بە مەبەستی سەقامگیرکردنی ئاسایشی ناوچەکە و کەمکردنەوەی ئەگەرەکانی فراوانبوونی ئاڵۆزییە هەرێمییەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە واشنتۆن جەخت دەکاتەوە لە کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکا لە خاکی عێراق.

وتیشی، " بڕیاریشە لەسەر هەماهەنگی ئابووری هەریەک لە وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا و محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق و جۆزێف بایدن سەرۆکی ئەمریکا و شاندێکی وەزارەتی گەنجینەی ئەمرکا کۆببنەوە و بڕیاری بە نێودەوڵەتیکردنی سیستەمی بانکیی عێراق و ئابووری عێراق بدەن".

هاوکات لە بارەی وردەکاریەکەشەوە، ئەوەی خستە روو کە پرسی دۆلار یەکێک دەبێت لە پرسە گرنگەکانی نێوان واشنتۆن و بەغدا و بۆ ئەو مەبەستەش چەندین رێکار و هەنگاوی نوێ بۆ بەنێودەوڵەتیکردنی سیستەمی بانکی عێراق گیراوەتەبەر و ئاستی پێدانی دۆلاریش بەبانکەکانی ناوخۆ بەرزتر دەکرێتەوە.

لەلایەکی تریشەوە، ئێن ئاڕ تی ئەوەی زانیوە، سودانی لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندی، تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق پرسی فراوانکردن و بەئەلیکترۆنی کردنی سیستمی دارایی عێراق لەگەڵ وەزارەتی گەنجینەی ئەمریکا تاوتوێ دەکات.

هێڤیدار شەعبان – دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی













گەلەری