سەردێڕ:

بەهۆی نالەباری کەشوهەواوە؛ لە چەند پارێزگایەک کرایە پشوو

PM:10:21:18/03/2024

109048 جار خوێندراوەتەوە

بەهۆی بارانبارینی بەخوڕ و نالەباری دۆخی کەشوهەواوە سبەی سێشەممە لە زۆرینەی پارێزگاکانی عێراق پشووی فەرمیە.


ئەمڕۆ دووشەممە، حوسێن عیساوی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگاری نەجەف رایگەیاند، بەهۆی بارانبارین و نالەباری دۆخی کەشوهەواوە سبەی سێشەممە پشووی فەرمی دەبێت و پشووەکە سەرجەم دامودەزگا فەرمییەکان دەگرێتەوە جگە لە فەرمانگە خزمەتگوزاریەکان و ئەمنییەکان.

لای خۆشیەوە، هەریەکە لە پارێزگای بابل و موسەننا و ئەنبار و سەڵاحەدین و دیالە و زی قار رایانگەیاند، سبەی سێشەممە بەهۆی هاتنی شەپۆلێکی بارانبارینەوە، لە سەرجەم دامودەزگاکان جگە لە فەرمانگە ئەمنی و خزمەتگوزارییەکان پشووی فەرمی دەبێت.

لایخۆشییەوە، پارێزگاری کەرکوک سبەی لە قوتابخانەکاندا کرد بە پشووی فەرمی بەڵام فەرمانگە خزمەتگوزارییەکان دەوامی فەرمیان دەبێت.

هاوکات لەوبارەیەوە، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەپێی پێشبینییەکانی کەشناسی سبەی بارانبارینی بەخوڕ لە سەنتەری شاری هەولێر لە کاتژمێر ١:٠٠ـی دوانیوەڕۆوە دەستپێدەکات و لەو کاتەدا دەوام کۆتایی دێت بەو هۆیەش سبەی لە پارێزگاکە پشوو نییە.

هاوکات، فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، لە درەنگانی ئەمشەودا بە هۆی بارانی زۆر و ئەگەری روودانی لافاو هەیە و بارودۆخی كەشوهەوای هەرێمی كوردستان سەخت دەبێ و شەپۆلێكی بارانبارین و هەورەتریشقەی بەهێز روو لە سەرجەم ناوچەکانی کوردستان دەکات.













گەلەری