وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ئەو کەسانەی هەڵگری رەگەزنامەی عێراق و دانیشتووی هەرێمی کوردستانن و خاوەنی کارتی بایۆمێترین دەتوانن بە سەربەستانە دەنگ بەو لایەنە بدەن کە دەیانەوێت و دەنگەکانیان پارێزراوە. دەشڵێت، "لەو وادەیەی دیاریکراوە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەبەین".
ئەمڕۆ دووشەممە، جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، کۆمسیۆن رێکارەکانی دەستپێکردووە بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە رۆژی ١٠ـی حوزەیران. وتیشی، "هەر لەو رۆژەدا ئامێرەکانی تۆمارکردنی دەنگدان لە کاتژمێر حەوتی بەیانییەوە دەکەونە کارکردن تاوەکو شەشی ئێوارە، دواتر خودکارانە لە کارکردن دەوەستن".
ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو کەسانەی خاوەنی کارتی بایۆمێترین و هەڵگری رەگەزنامەی
عێراقن و دانیشتووی هەرێمن، دەتوانن دەنگ بدەن بەو لایەنەی کە دەیانەوێت دەنگی پێبدەن،
بەبێ بوونی هیچ رێگرییەک و لە کەشێکدا کە دەنگەکانیان بە تەواوی پارێزراوە و هیچ
لایەنێک نازانێت دەنگدەر دەنگ بەکێ دەدات.
ئەوەشی خستە روو، دەنگدەر تەنها لەو بنکەیەدا دەتوانێت دەنگ بدات کە ناوی تێدا
تۆمارکراوە و ناتوانێت لە هیچ بنکەیەکی دیکەدا دەنگ بدات، چونکە تەواوی زانیارییەکانی
لەو بنکەیەدایە کە بۆی دیاریکراوە و داتاکان پارێزراون.
دەشڵێت،" لە هەموو بنکەکاندا لە رێگەی سیستەمی ئەلیکترۆنییەوە بە شێوەیەکی
پارێزراو دەنگەکان تۆمار دەکرێن و دەنگدەر لە رێگەی ئەو قەڵەمەوە کە بۆی دانراوە،
ئەو چوارگۆشەی تەنیشت ئەو لایەنە نیشانە دەکات کە دەنگی پێدەدات".
جومانە غەلای باسی لەوەش کرد، دوای کۆتایی هاتنی کاتی دەنگدانەکە، سندوقەکانی
دەنگدان بەشێوەیەکی ئەلیکترۆنی هەموو دەنگەکان جیادەکاتەوە و تەواوی زانیارییەکان
دەنێرێت بۆ بنکەی سەرەکی کۆمسیۆن، بۆ ئەوەی دواتر کرداری پۆلێنکردن دەستپێبکات.
راشیگەیاند، دوای کۆتایی هاتنی پڕۆسەی دەنگدان بەرپرسی بنکەکانی هەڵبژاردن،
ئەنجامی سەرەتایی دەخاتە روو بۆ رای گشتی.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، دوای فشارە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و دوای چەند
جارێک لە دواخستنی، سەرۆکایەتی هەرێم رۆژی ١٠ـی حوزەیرانی وەک رۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی
کوردستان دیاریکرد.