باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، کارەساتی کۆمەڵکوژی هەڵەبجەیان لەبیرە و لەگەڵ عێراق و کوردستان بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی قوربانییەکان و کەسوکاری شەهیدانی ئەو کارەساتە.
ئەمڕۆ شەممە، ئەلینا رۆمانۆسکی باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، پابەندن بە هەوڵەکانیان بۆ لێپرسینەوە لە تاوانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و بەردەوام دەبن لە پاڵپشتیکردنی بریندارەکان لەپێناو زوو چاکبوونەوەیان.
ئەوەشی
خستە روو، پێویستە مافەکانی مرۆڤ بپارێزرێن و لە تەواوی جیهاندا رێگری بکرێت لە بەکارهێنانی
چەکی کیمیایی.
٣٦ ساڵ بەر لە ئێستا؛ بۆنی سێو
شاری هەڵەبجەی داگرت و لەبری ئەوەی بۆنی شیرینی ئەو میوەیە ئارامی بە دڵی دانیشتووانەکەیدا
بهێنێت؛ تووشی ئازاری کردن تاوەکو ئەوەی بووە هۆی شەهیدبوونی پێنج هەزار کەس و چەندان
بریندار.
هاوکات،
دوای تێپەڕبوونی ٣٦ ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی هەڵەبجەدا، کەسوکاری قوربانیانی
رووداوەکە بە ئێن ئاڕ تییان راگەیاند، چەندین ساڵە خەمەکانیان نەڕەوێنراوەتە و هەموو
ساڵێک بەرپرسانی هەرێم دێنە لایان و بەڵێنی بێکرداریان پێ دەدەن و دەڕۆن بێ ئەوەی
هیچ شتێک بکەن.