سەردێڕ:

تەندروستیی عێراق: بەرهەمهێنانی دەرمانی ناوخۆیی بە رێژەی ٤٠٪ بەرز بووەتەوە

PM:11:08:13/03/2024

852 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، رێژەی بەرهەمهێنانی دەرمانی ناوخۆ ٤٠٪ بەرز بووەتەوە. دەشڵێت، لە ئێستا هەندێک دەرمان کە پێشتر لە دەرەوە هاوردە دەکران، لە ناوخۆی عێراق دروست دەکرێن.


ئەمڕۆ چوارشەممە، خامیس سەعد، یاریدەدەری ئەمینداری وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، رێژەی فرۆشتنی دەرمانی ناوخۆ بە نەخۆشخانە و ناوەندە تەندروستییەکانی سەربە وەزارەتی تەندروستی بە رێژەی ٤٠٪ زیادی کردووە .

ئاماژەی بەوەش کرد، بەخۆماڵیکردنی دەرمان یەکێکە لەو کارە گرنگانەی کە وەزارەتی تەندروستی لە ماوەی ساڵانی پێشوودا کاری لەسەر کردووە.

ئەوەشی خستە روو، ئێستا هەندێک دەرمان کە پێشتر لە دەرەوە هاوردە دەکران، لە ناوخۆی عێراق دروست دەکرێن و ئەمەش وادەکات هاوردەکردنی دەرمان کەم ببێتەوە.

ئەمەش لەکاتێکدایە، راوێژکارێکی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، هەوڵ دەدرێت لەلایەن کۆمپانیا جیهانیەکانەوە بتوانن کارگەی تایبەت بە دروستکردنی ئەو دەرمانانە دروست بکەن کە لە عێراقدا نین، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە لیژنەیەک پێکهێندراوە.













گەلەری