سەردێڕ:

لەسەر پرسەکانى ئاسایش و وزە؛ سبەی شاندێکى باڵاى تورکیا سەردانى عێراق دەکات

PM:10:48:13/03/2024

1012 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، سبەی پێنجشەممە، بۆ تاوتوێکردنی پرسی وزە و بابەتی ئاسایش و بەرگری، شاندێکی باڵای تورکیا سەردانی عێراق دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە کۆ دەبێتەوە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ئونجو کەچەلی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، هاکان فیدان وەزیری دەرەوەی تورکیا و یاسا گولەر وەزیری بەرگری لەگەڵ ئیبراهیم کالین سەرۆکی دەزگای هەوڵگری میتی تورکیا سەردانی بەغدا دەکەن و لەگەڵ هاوتاکانیان کۆدەبنەوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکدا پرسی ئاسایش تاوتوێ دەکرێت و گفتوگۆ لەبارەی دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە دەکەن.

ئەوەشی خستە روو، لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوودا باسیان لەوە کرد، تورکیا ئامادەیە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا عێراق ئامادەیی دەرنەبڕیوە.

باسی لەوەش کرد، تورکیا دەیەوێت سەرجەم لایەنەکانی عێراق بگەن بە رێککەوتن و بە زووترین کات دەست بە هەناردە کردنی نەوتی هەرێمی کوردستان بکرێت.

مانگی رابردوو، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی پەیوەست بە نەوت لە نێوان هەرێم و بەغدا لێکتێگەیشتنی ئەرێنی هەیە بۆ رێککەوتن و یەکلایی کردنەوەی گرێبەستی کۆمپانیا نەوتیەکان وهەرێم.

ئەمەش لە کاتێکدایە، لە ٢٥ـی ئازاری ساڵی رابردوو بە بڕیاری ژووری ناوبژیوانی دادگای نێودەوڵەتی پاریس، هەناردەی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە راگیرا.













گەلەری