PM:11:13:11/03/2024
1008 جار خوێندراوەتەوە
وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەبۆنەی مانگی رەمەزانەوە بڕیاریانداوە بە داخستنی سەرجەم فرۆشگای خواردنەوە کحولییەکان و داخستنی ئەو چێشتخانە و دوکانانەی خواردنی خێرا دەفرۆشن، هەروەها خواردن و خواردنەوە بە ئاشکرا و لەپێش چاوی رۆژووانان قەدەغەیە.
ئەمڕۆ دووشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا هاتووە، بەبۆنەی هاتنی مانگی رەمەزان و بە لەبەرچاو گرتنی هەستی موسڵمانان، بڕیاریانداوە بە قەدەغە کردنی خواردن و خواردنەوە بە ئاشکرا لە پێش چاوی رۆژوانان لە کاتی بە رۆژوو بوونیان و گرتنەبەری رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە.
ئاماژە بەوەش کراوە، لە پێناو پاراستنی داب و نەریتە ئاینییەکان سەرجەم
فرۆشگاکانی خواردنەوە کحولییەکان لە مانگی رەمەزاندا دادەخرێن.
ئەوەش خراوەتە روو، سەرجەم ئەو چێشتخانە و دوکانانەی خواردنی خێرا دەفرۆشن
لە کاتی پارشێوەوە تاوەکو کاتی رۆژوو شکاندن دادەخرێن.
ئەم هەنگاوەی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە دوای ئەوە دێت، ئەمڕۆ لە هەرێمی کوردستان و شارە سوننییەکانی عێراق یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان بوو و رێبەری باڵای شیعەکانی عێراقیش سبەی وەک یەکە رۆژی رەمەزان دیاری کرد.