وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، کارەکان بە باشی لە پرۆژەی رێگەی گەشەپێداندا بەڕێوەدەچیت و لە ئێستادا قۆناغەکانی نەخشەی سەرەتایی هێڵی ئاسنینی پرۆژەکە ٦٦٪ـی تێپەڕاندووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، مەیسەم ئەلسافی بەڕێوەبەری راگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوەی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە کارکردن لە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێداندا و قۆناغەکانی نەخشەی سەرەتایی هێڵی ئاسنینی پڕۆژەکە ٦٦٪ـی تێپەڕاندووە و نەخشەی هێڵی رێگەی وشکانی پڕۆژەکە ٥٢٪ـی تێپەڕاندووە.
دەشڵێت، " توانیومانە کارەکانی لێکۆڵینەوە لە خاکی ناوچەکە ٨٠٪ـی تەواو
بکەین، هەروەها لێکۆڵینەوە بۆ ئاستی بەرزی و نزمی هەزار و ٢٠٠ کیلۆمەتری ناوچەکە ئەنجام
بدەین".
پێشووتریش عەبدولرەزاق زوهەیری سەرۆکی فیدراسیۆنی ژوورە بازرگانییەکان، دووپاتی کردەوە کە حکومەتی عێراق جدییە لە دەستکردن
بە دامەزراندنی ڕێگای گەشەپێدان ، بۆ ئەوەی ببێتە دەروازەی پەیوەندی ئابووری نێوان
ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.
لە رۆژی ٢١ـی ئاداری ساڵی رابردوو سەرۆک وەزیرانی عێراق لەگەڵ سەرۆک کۆماری
تورکیا رێککەوتن بۆ بنیادنانی هێڵی ئاسنین لە نێوان عێراق و تورکیا بە ناوی پڕۆژەی
رێگای گەشەپێدان کە ئامانج لێی گواستنەوەی کەلوپەل و گەشتیارانە لە بەندەری فاوی عێراقەوە
بۆ تورکیا و لەوێشەوە بۆ ئەوروپا.