سەردێڕ:

کشتوکاڵی عێراق: ئەو ئاژەڵانەی هاوردە دەکرێن هیچ کێشەیەکی تەندروستیان نییە

PM:05:35:08/03/2024

1272 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، ئەو گۆشت و ئاژەڵانەی هاوردە دەکرێن بۆ عێراق کوالێتیان بەرزە و لەو وڵاتانەوە هاوردە دەکرێن کە رێککەوتنی تەندروستیان لەگەڵ عێراق هەیە. دەشڵێت، " مەرج و رێککارەکانمان لەکاتی هاوردەکردنی گۆشت و ئاژەڵ توندوتۆڵن".


ئەمڕۆ هەینی، بەڕێوەبەری گشتی ڤێرتێنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بە میدیا عێراقییەکانی راگەیاند، ئەو گۆشت و ئاژەڵانەی کە لە وڵاتانی دەرەوە هاوردەی عێراق دەکرێت هیچ کێشەیەکیان نییە بەوپێیەی بە کۆمەڵێک مەرج و رێککاری تەندروستی تونددا تێپەڕ دەبن.

ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو گۆشت و ئاژەڵانە لەو وڵاتانەوە هاوردە دەکرێن کە رێککەوتنی تەندروستیان لەگەڵ عێراقدا هەیە پەیوەست بە مەرجی تەندروستی بۆ هەر ئاژەڵ و پەلەوەرێک کە هاوردە دەکرێت.

باسی لەوەش کردووە، سەرجەم ئەو گۆشت و ئاژەڵانەی هاوردە دەکرێن کوالێتیان بەرزە و هیچ کێشەیەکی تەندروستیان نییە.

ئەوەش لەکاتێکدایە، رۆژی ٦ـی ئەم مانگە ١٩ هەزار سەر گوێرەکە گەیشتە عێراق و بڕیاریشە دوای ئەنجامدانی پشکنینی تەندروستی بۆیان بەسەر تەواوی پارێزگاکانی عێراقدا دابەش بکرێن. 

هاوکات، رۆژی ٢ـی ئەم مانگە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق رایگەیاند، لە دوای هاوردەکردنی یەکەم کاروانی ئەو ١٧ هەزار گوێرەکەیەی لە بەڕازیل و ئیکوادۆر و کۆڵۆمبیاوە هاوردە دەکرێن، نرخی گۆشتی سوور بۆ مانگی رەمەزان دادەبەزێت.













گەلەری