وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەپێناو پاراستنی ئابووری وڵات ئۆپەراسیۆنەکانیان بەردەوامە بە ئامانجی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی هەوڵی سپیکردنەوەی پارە و ناردنی بۆ دەرەوەی وڵات دەدەن.
ئەمڕۆ هەینی، خالید مەحەنا بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکانیان بە مەبەستی دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی هەوڵی سپیکردنەوەی پارە و ناردنی بۆ دەرەوەی وڵات بەردەوامە.
ئاماژەی
بەوەش کرد، جگە لەو کەسانەش هەر دوکاندار و کۆمپانیایەک یاری بە نرخی شتومەک بکات
لە بازاڕەکاندا دەستگیر دەکرێت.
باسی لەوەش
کرد، ئەو کەسانە بە ئەنجامدانی ئەو کارانە زیان بە ئابووری عێراق بە گشتی و بەتایبەتیش
دراوی نیشتیمانیی وڵات دەگەیەنن.
ئەوەش لەکاتێكدایە،
رۆژی ٢٥ـی مانگی شوبات وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا لە بەغدا
و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ٧٥ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی بەرزکردنەوەی
نرخی مادە خۆراکییەکان و قۆرغکردنی بازاڕەکان.
ئاماژەی
بەوەش کرد، "ژوورێکی ئۆپەراسیۆنمان لەوبارەیەوە پێکهێناوە بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری
بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئابوورییەکان، بۆ ئەوەی هەموو ئەو کەسانە بە سزای خۆیان
بگەیەنین کە یاری بە نرخی شتومەک و مادە خۆراکییەکانەوە دەکەن لە بازاڕەکاندا".