سەردێڕ:

کارەبای عێراق: سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد دەکەین

PM:06:05:26/02/2024

812 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، لەگەڵ سێ وڵاتدا سەرقاڵی رێککەوتنن بۆ ئەوەی غازی سروشتی هاوردەی عێراق بکەن بەمەبەستی بەرهەمهێنانی کارەبا. دەشڵێت" هەوڵەکانمان بەردەوامە بۆ ئەوەی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا زیاتر بکەین".


ئەمڕۆ دووشەممە، ئەحمەد موسا وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایگەیاند، وەزارەتەکەیان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکەدا سەرقاڵی گفتوگۆکردنە بە مەبەستی هاوردەکردنی غازی سروشتی بۆ بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا.

ئاماژەی بەوەش کردووە، دەیانەوێت سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبا لە عێراق بۆ پێنج سەرچاوە زیاد بکەن.

باسی لەوەش کردووە، لە چوارچێوەی زیادکردنی سەرچاوەکانی بەرهەمهێنانی وزەی کارەبادا چەندین پارچە زەوی گەورە ئامادە کراوە بۆ ئەوەی کارەبا لە رێگەی تیشکی خۆرەوە بەرهەمبهێنن. دەشڵێت، " کار دەکەین بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا لە رێگەی باوە لە پارێزگای واست".

ئەوەشی خستووەتە روو، وەزارەتەکەیان لەگەڵ شارەوانی بەغدا و دەسەڵاتی وەبەرهێنانی عێراق لە کارکردندایە بۆ دامەزراندنی چەند وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا کە بە پاشماوە و خۆڵ و خاشاک وزەی کارەبا بەرهەمدەهێنن.

هەر لەو بارەیەوە دوێنێ یەکشەممە مەزهەر ساڵح راوێژکاری سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئابووری و دارایی رایگەیاند، لە ئێستادا عێراق هەوڵدەدات کە خۆی لە ریزبەندی وڵاتانی بەرهەمهێنەری وزەدا بکاتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش هەنگاوێکی نوێی ناوە بە سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا.













گەلەری