سەردێڕ:

بە تۆمەتی گرانکردنی نرخی مادە خۆراکییەکان ٧٥ کەس لە عێراق دەستگیرکران

PM:11:48:25/02/2024

1084 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، بەهۆی قۆرغکردنی بازاڕ و بەرزکردنەوەی نرخی خۆراکەوە ٧٥ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی دوو رۆژدا لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکەی عێراق ٧٥ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە بە تۆمەتی بەرزکردنەوەی نرخی مادە خۆراکییەکان و قۆرغکردنی بازاڕەکان.

ئاماژەی بەوەش کردووە، رێکارەکانی کۆنتڕۆڵکردنی بازاڕەکان لە مانگی رەمەزاندا توندتر دەکەنەوە و هەروەها پلانێک بۆ ئەو مانگە دادەنێن بۆ ئەوەی بازرگانەکان و فرۆشیارەکان ناچاربکەن بە یەک نرخ بازرگانی بە مادە خۆراکییەکانەوە بکەن.

دەشڵێت،"ژوورێکی ئۆپەراسیۆنمان لەوبارەیەوە پێکهێناوە بە سەرۆکایەتی بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تاوانە ئابوورییەکان، بۆ ئەوەی هەموو ئەو کەسانە بە سزای خۆیان بگەیەنین کە یاری بە نرخی شتومەک و مادە خۆراکییەکانەوە دەکەن لە بازاڕەکاندا".

ئەوەشی خستووەتە روو، سزا هەیە بۆ ئەوەی رێگری لە سەرپێچیکاران بکەن و بەپێی ماددەی ٢٤٠ لە یاسای سزادان سزا دەدرێن لەگەڵ سزادانی تا ٦ مانگ زیندانیکردن و پێبژاردن.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، لە ماوەکانی رابردوودا وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ نزیکبوونەوە و هاتنی مانگی رەمەزاندا رێکارەکانی پاراستنی بازاڕەکان لە قۆرغکارەکان توندتر دەکەنەوە.













گەلەری