سەردێڕ:

پارێزگاری بانکی ناوەندیی: پشتبەستنی هاوڵاتیان لە کاشەوە دەگۆڕین بۆ ئەلیکترۆنی

PM:04:06:22/02/2024

3376 جار خوێندراوەتەوە

پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، کۆمەڵگا تا ئاستێکی بەرچاو پشتدەبەستێت بە پارەدانی کاش، لەسەر راسپاردەی سەرۆک وەزیرانی عێراق هەوڵ و رێکارەکانیان چڕترکردووەتەوە بۆ گۆڕانکاری لە کاشەوە بۆ پارەدانی ئەلیکترۆنی. دەشڵێت، " ئەم هەنگاوە هۆکار دەبێت بۆ دووبارە پارەدارکردنەوەی بانکەکان بە دیناری عێراقی".


ئەمڕۆ پێنجشەممە، عەلی عەلاق پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنوسی تایبەت بە بانکەکانی عێراق رایگەیاند، رێکارەکانی بانکی ناوەندی بەردەوامە لە کاریگەرییەکانی بەتایبەت لە پرسی کارتی ئەلیکترۆنی و بە ئەلیکترۆنی کردنی مامەڵە داراییەکان.

ئاماژەی بەوەش کرد، پلانی بە ئەلیکترۆنی کردنی سەرجەم مامەڵە داراییەکان تەواوی وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتی وکەرتەکانی خزمەتگوزاری دەگرێتەوە بەمەبەستی زیاترکردنی ئاستی پشتبەستنی هاوڵاتیان بە کارتی ئەلیکترۆنی. دەشڵێت، " کەمکردنەوەی ئاستی مامەڵەکردنی کاش دەبێتە هۆی پارەدارکردنی زیاتری بانکەکان هەر بۆیە چەندین رێکاری نوێ دەگرینە بەر".

باسی لەوەش کرد، لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەو هەنگاوە نراوە و هەوڵیش دەدرێت تا ناوەڕاستی ئەمساڵ بەشێکی زۆری مامەڵە داراییەکان بکرێت بە کارتی ئەلیکترۆنی.

هاوکات کۆمەڵەی بانکە تایبەتەکانی عێراق رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردوودا نزیکەی دوو ملیۆن کارتی پارەدانی ئەلیکترۆنی دەرهێنراون و ژمارەی ئامێرەکانی پارەدانی ئەلیکترۆنی گەشتووەتە ٢٤ هەزار ئامێر. وتیشی، پارەدانی ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی گۆڕانکاری گەورە لە عێراقدا.

لەبەرامبەریشدا وەزیری دارایی عێراق رایگەیاند، بەردەوامن لە بەئەلیکترۆنی کردنی پارەدان لە سەرجەم دامودەزگاکانی حکومەتدا و لە ئێستادا کۆمپانیای بیمەدانی عێراقی ١٠٠٪ـی مامەڵە داراییەکانی بە ئەلیکترۆنی کراون.

ئەمەش لەکاتێکدایە، راوێژکارێکی سودانی رایگەیاند، گۆڕانکاری لە سیستمی پارەدانی نەختینە بۆ ئەلیکترۆنی دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی رێژەیەکی زیاتر لە دینار بۆ بانکەکانی عێراق بەوەش گەشەی ئابووری عێراق خێراتردەبێت و ئاستی هەڵاوسان کەمتر دەکرێتەوە.













گەلەری