سەردێڕ:

ئۆکرانیا؛ بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی روسیاوە ١٨ کەس گیانیان لەدەستدا

PM:07:34:29/12/2023

1320 جار خوێندراوەتەوە

بەرپرسێکی سەربازی ئۆکرانیا رایگەیاند، لەئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی هێزەکانی روسیا بۆ سەر ناوچەکانی رۆژئاوا و باشووری کیێڤ ١٨ کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە ١٣٠ کەسیش برینداربوون.


ئەمڕۆ هەینی، بەرپرسێکی سەربازی کیێڤ بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی راگەیاند، ماوەی زیاتر لە سێ مانگە روسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا چڕتر کردووەتەوە و لەکاتەکانی بەرەبەیانی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشور و رۆژئاوای وڵاتەکە ئەنجامدا و بەهۆیەوە ١٨ کەس گیانیان لەدەستدا.

ئاماژەی بەوەش کرد، جگە لە گیانلەدەستدان ١٣٩ کەسیش بریندار بوون. وتیشی، هێرشەکە بە گەورەترین هێرشی ئاسمانی روسیا لە ماوەی سێ مانگی رابردوودا بۆ سەر ئۆکرانیا دادەنرێت.

باسی لەوەش کرد، لە ماوەی ٩٠ رۆژی رابردوودا توانیویانە زیاتر لە ١٥٠ هێرشی ئاسمانی مۆسکۆ لەلایەن سیستمی بەرگری ئۆکرانیاوە بەرپەرچ بدەنەوە کە ئاڕاستەی باڵەخانە و یەکەکانی نیشتەجێبوون لە ناوچەکەدا کرابوون.

لای خۆشییەوە، ڤالێری زالیۆزنی بەرپرسی باڵای سەربازی ئۆکرانیا ئەوەی خستە روو، هێرشەکە ژێرخانی ئابووری و دامەزراوە پیشەسازی و سەربازییەکانی کردوەتە ئامانج و بەهۆیەوە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر کارەبا لە ناوچەکەدا بڕاوە.

ئەوەش لە کاتێکدایە، نزیکی دوو ساڵە جەنگی نێوان ئۆکرانیا و روسیا بەردەوامی هەیە، بە پێی داتاکانی وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا لە سەرەتای جەنگەکەوە تاوەکو ئێستا هێزەکانیان ١٥ کەشتی جەنگی روسیایان تێکشکاندووە و زیانیان بە ١٣ کەشتی دیکەی جەنگی ئەو وڵاتە گەیاندووە هاوکات، بەرپەرچی زیاتر لە ٣٠ هەزار هێرشی ئاسمانی روسیایان داوەتەوە.













گەلەری