سەردێڕ:

کاوە عەبدولقادر: کارەبای هەولێر لەسەر خاکی هەولێر بەرهەم دەهێنرێت و بە موسڵ دەفرۆشرێت

PM:12:47:29/11/2023

2088 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەولێر چوار کاتژمێر کارەبای هەیە، بەڵام موسڵی دراوسێی لەسەر حسابی هەولێر ٢٣ کاتژمێر کارەبای هەیە. دەشڵێت، "دەبێت لەو هەڵبژاردنە خەڵکی هەولێر و هەموو کوردستان تۆڵە لە پارتی وشەریکەکەی بکەنەوە کە یەکێتیە."


کاوە عەبدولقادر سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، هەولێر چوار کاتژمێر کارەبای هەیە، بەڵام موسڵی دراوسێی ٢٣ کاتژمێر کارەبای هەیە، کە بەشی زۆری لە وێستگەکانی هەولێرەوە کارەبایان پێدەدرێت.

وتووشییەتی، "ئەمە نەک پێی دەڵێن شکست لە حوکمڕانی بەڵکو ئەمە کارەساتی تاقمیکی گەندەڵی نەزانی خۆسەپێنە لە حوکمڕانیدا."

باسی لەوەشکردووە، کارەبای هەولێر لەسەر خاکی هەولێر بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام نادرێت بە هەولێر و دەفرۆشرێتە موسڵ.

کاوە عەبدولقادر دەشڵێت، "حزبی حوکمڕان کە پارتییە بە پارەی نەوت و زەویە گرانبەهاکانی هەولێر تێر ناخوات کارەباکەشی دەفرۆشێت، بەڕاستی دەبێت لەو هەڵبژاردنە خەڵکی هەولێر و هەموو کوردستان تۆڵە لە پارتی وشەریکەکەی بکەنەوە کە یەکێتیە."

ئەوە لەکاتێکدایە، پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییان لە هەرێم بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە و لە هەندێک ناوچە لە ٢٤ کاتژمێردا کەمتر لە ٧ کاتژمێر کارەبای نیشتیمانی دراوە بە هاوڵاتییان.

ساڵانە لەگەڵ گەیشتنی وەرزی سەرما و گەرما، پێدانی کارەبای نیشتیمانی بە هاوڵاتییان کەمدەبێتەوە، سەرەڕای ئەوەی لە وەرزە ساردەکاندا هاوڵاتییان گرفتی نەبوونی نەوتیان هەیە و حکومەتی کاربەڕێکەر نەوتی سپی بەسەر ماڵاندا دابەشناکات و ئەمساڵ نەوتی ساڵانی رابردوویان پێدەفرۆشێتەوە. لە وەرزی گەرماشدا گرفتی کەمئاوی دروستدەبێت، بۆیەش هاوڵاتییان سەرەڕای نەبوونی سوتەمەنی بۆ گەرمکەرەوەکان و ئاو بۆ فێنککەرەوەکان، کارەبای نیشتیمانیشیان پێنادرێت تاوەکو سوودی لێوەربگرن.













گەلەری