سەردێڕ:

دوای ٤٨ رۆژ لە جەنگ؛ ئاگربەست لە غەززە دەستی پێکرد

غززە- حەی زەیتون
AM:08:32:24/11/2023

5428 جار خوێندراوەتەوە

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ، دوای ٤٨ رۆژ لە جەنگ و گەمارۆدان ئاگربەست لە غەززە دەستیپێکرد و بڕیارە، تاوەکو چوار رۆژ بەردەوامبێت و لە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆشەوە دەست بە ئاڵوگۆڕکردنی دیلەکان بکرێت.


ئەمڕۆ هەینی، بە نێوەندگیری قەتەر شەڕ لە غەززە راگیرا و بڕیارە لە ماوەی چوار رۆژی ئاگربەستەکەدا ٥٠ دیلی ئیسرائیلی ئازادبکرێن و لە بەرامبەر هەر یەکێکیشیاندا سێ دیلی فەڵەستین رادەستی حەماس بکرێن.

لایخۆشییەوە گروپی چەکداری عزەدین قەسام سەر بە گروپی حەماس رایگەیاند، لە کاتژمێر ٧ـی بەیانییەوە سەرجەم کردەوە چەکدارییەکانیان لە غەززە راگرتووە.

لەبارەی ئازادکردنی دیلەکانیشەوە باسی لەوە کردووە، لە ماوەی چوار رۆژدا ئامادەن ٥٠ دیلی ئیسرائیلی ئازادبکەن کە سەرجەمیان ژن و منداڵن و بەرامبەر هەر یەکێکیشیان ئیسرائیل دەبێت سێ دیلی فەڵەستین ئازادبکات.

هاوکات، نوسینگەی بینیامین ناتانیاهۆ سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بڵاویکردەوە، چاودێری ئاگربەستەکە و ئازادکردنی دیلە ئیسرائیلییەکان دەکەن و لەگەڵ کەسوکاری دیلەکاندا لە پەیوەندیدان.

شەوی رابردوو پێش دەستپێکردنی ئاگربەستەکە، ئاژانسی هەواڵی فەڵەستین بڵاویکردەوە، لە ئەنجامی بۆردوومانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر قوتابخانەی ئەبو حوسێن کە ژمارەیەک ئاوارەی تێدا نیشتەجێیە ٢٧ کەس گیانیان لەدەستداوە و ٩٣ کەسیش برینداربوون.

بەپێی دوایین ئامارەکان، لە سەرەتای جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیلەوە تاوەکو ئێستا ١٤ هەزار و ٨٥٤ کەس لە کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە کە زیاتر لە شەش هەزار و ١٥٠ کەسیان منداڵن و نزیکەی چوار هەزاریشیان ژنن.

ئەمە لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری