سەردێڕ:

قەتەر: سبەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستپێدەکات

PM:05:57:23/11/2023

3320 جار خوێندراوەتەوە

وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، سبەی هەینی کاتژمێر ٧ـی بەیانی ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل دەست پێدەکات و لە ماوەی چوار رۆژدا ٥٠ بارمتە ئازاد دەکرێن و هاوکاری مرۆیی رەوانەی کەرتی غەززە دەکرێت.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەجید ئەنساری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لەگەڵ هەموو لایەنە نێوەندگیرەکان گفتوگۆکان تەواو بوون و سبەی هەینی کاتژمێر ٧ـی سەرلە بەیانی ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل رادەگەیەنرێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لیستی ناوی ئەو بارمتانەی بڕیارە ئازاد بکرێن رادەست کراوە و گروپی یەکەمی بارمتەکان کاتژمێر چواری پاش نیوەڕۆ ئازاد دەکرێن.

ئەوەشی خستە روو، ٥٠ بارمتە ئازاد دەکرێن کە بەسەر چوار رۆژی ئاگربەستەکەدا دابەش دەکرێن و هەر رۆژێک ١٣ ژن و منداڵ ئازاد دەکرێن.

باسی لەوەش کرد، هەر کە ئاگربەستەکە کرایە بواری جێبەجێ کردنەوە، راستەوخۆ دەست دەکرێت بە رەوانە کردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ ناو کەرتی غەززە.

دوێنێ حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ ئاگربەستێکی چوار رۆژییان راگەیاند و بڕیارە لەو ماوەیەدا ٥۰بارمتەی ژن و منداڵی مەدەنی ئیسرائیلی کە لای حەماسن ئازاد بکرێن، لەبەرامبەردا ژمارەیەک زیندانی کراوی فەڵەستینیش لە زیندانەکانی ئێسرائیل ئازاد بکرێن، هاوکات ژمارەیەکی زۆری کاروانی هاوکاری مرۆیش بگەیەنرێتە غەززە.

ئەمە لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری