سەردێڕ:

یونیسێف: غەززە بووەتە مەترسیدارترین جێگا لە دونیادا بۆ منداڵان

PM:10:44:22/11/2023

1400 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی یونیسێف رایگەیاند، لەماوەی ٤٦ رۆژدا لە کەرتی غەززە زیاتر لە پێنج هەزار و ٣٠٠ منداڵ گیانیان لەدەستداوە و لە ئێستادا کەرتی غەززە مەترسیدارترین جێگایە لە دونیادا بۆ منداڵان.


ئەمڕۆ چوارشەممە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ منداڵان(یونیسێف) رایگەیاند، لە ئێستادا مەترسیدارترین جێگەی دونیا بۆ منداڵان کەرتی غەززەیە، بەو پێیەی بەهۆی بۆردومان و هێرشەکانی ئیسرائیلەوە هەزاران منداڵ گیانیان لەدەستداوە.

ئاماژەی بەوەش کرد، زیاتر لە پێنج هەزار و ٣٠٠ لە ماوەی تەنها ٤٦ رۆژدا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە هەزار و ٢٠٠ منداڵیش، تاوەکو ئێستا بێسەروشوێنن کە پێدەچێت هەندێکیان لە ژیاندا مابن.

ئەوەشی خستە روو، منداڵانی غەززە بەهۆی بارودۆخی ژیانی کارەساتبارەوە لە دۆخێکی مەترسیداردا دەژین و زیاتر لە یەک ملیۆن منداڵ، رووبەڕووی نەبوونی ئاسایشی خۆراک دەبنەوە کە رەنگە بەم زووانە ببێتە قەیرانێکی کارەساتبار بەهۆی توشبوون بە بەدخۆراکییەوە.

سەبارەت بە راگەیاندنی ئاگربەستی چوار رۆژەی نێوان حەماس و ئیسرائیل، رێکخراوی یونیسێف باسی لەوە کرد، بەستنی ئاگر بەستی سادە بەس نیە بۆ ئەوەی منداڵان بژین، بۆیە پێویستە ئاگربەستی مرۆیی ببەسترێت و دەستبەجێ کۆتایی بە گرژی و ئاڵۆزییەکان بهێنرێت.

ئەمڕۆ حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر و میسڕ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ ئاگربەستێکی چوار رۆژییان راگەیاند و بڕیارە لەو ماوەیەدا ٥۰بارمتەی ژن و منداڵی مەدەنی ئیسرائیلی کە لای حەماسن ئازاد بکرێن و لەبەرامبەردا ژمارەیەک زیندانی کراوی فەڵەستینیش لە زیندانەکانی ئێسرائیل ئازاد بکرێن، هاوکات ژمارەیەکی زۆری کاروانی هاوکاری مرۆیش بگەیەنرێتە غەززە.

ئەمە لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری