حەماس و ئیسرائیل بە نێوەندگیری قەتەر و میسڕ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا؛ ئاگربەستێکی چوار رۆژییان راگەیاند و لەماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتووشدا کاتەکەی رادەگەیەنرێت.
وەزارەتی دەرەوەی قەتەر لە راگەیاندراوێکدا بڵاویکردەوە، سەرکەوتوو بوون لە گەیشتن بە رێککەوتنێک بۆ راگەیاندنی ئاگربەست لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا؛ بە نێوەندگیری ئەوان و میسڕ و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
ئەوەش هاتووە، ئاگربەستەکە بۆماوەی چوار رۆژە و ئەگەری
درێژکردنەوەی هەیە، لەماوەی ٢٤ کاتژمێری داهاتووشدا کاتەکەی رادەگەیەنرێت.
بەپێی راگەیەنراوەکەی
قەتەر، لەو ماوەیەدا ٥۰ بارمتەی ژن و منداڵ و مەدەنی ئیسرائیلی کە لای حەماسن ئازاد دەکرێن
و لەبەرامبەردا ژمارەیەک زیندانی کراوی فەڵەستینیش لە زیندانەکانی ئێسرائیل ئازاد
دەکرێن، هاوکات ژمارەیەکی زۆری کاروانی هاوکاری مرۆیش دەگەیەنرێتە غەززە.
ئەمە لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.
دوێنێش نوسینگەی راگەیاندنی حکومەت لە کەرتی غەززە بڵاویکردەوە، زیاتر لە ٤٧ هەزار حاڵەتی گیانلەدەستدان و برینداربوون لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆسەر کەرتی غەززە تۆمار کراون و وەزارەتی تەندروستی فەڵەستینیش ئاماژەی بەوە کردووە کە زیاتر لە سێ هەزار کەس لە بەشی رۆژئاوای کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە و برینداربوون.