سەردێڕ:

تەندروستی فەڵەستین: ژمارەی گیانلەدەستدانەکان ١٣ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:12:03:20/11/2023

1264 جار خوێندراوەتەوە

شەڕی حەماس و ئیسرائیل ماوەی ٤٤ رۆژە بەردەوامە و تەندروستی فەڵەستین رایگەیاند، بەهۆی شەڕەکەوە زیاتر لە ١٣ هەزار کەس گیانیان لەدەستداوە، هاوکات دانوستانەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتەکان دەستیپێکردووەتەوە.


ئەمڕۆ دووشەممە، تەندروستی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، ژمارەی گیانلەدەستدانەکان بۆ زیاتر لە ١٣ هەزار کەس بەرزبووەتەوە کە زیاتر لە پێنج هەزار و ٥٠٠ کەسیان منداڵن و زیاتر لە سێ هەزار و ٥٠٠ کەسی دیکەشیان رەگەزی مێن.

لەلایەکی دیکەوە میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویانکردەوە، لە سەرەتای شەڕەکەوە تا ئێستا زیاتر لە هەزار و ٦٠٠ سەرباز گیانیان لەدەستداوە.

هاوکات، رێکخراوی تەندروستی جیهانی داوای چۆڵکردنی نەخۆشخانەی شیفا دەکات و دەڵێت، "نەخۆشخانەکە گۆڕدراوە بۆ ناوچەی مەرگ."

سوپای ئیسرائیلیش دەڵێت، تونێلێکی ٥٥ مەترییان لە ژێر نەخۆشخانەی شیفای غەززە دۆزیوەتەوە.

پێگەی ئەکسیۆسی ئەمریکیش ئاماژەی بەوەکرد، جارێکی دیکە دانوستانەکان بۆ ئاڵوگۆڕی بارمتەکان دەستیپێکردووەتەوە و لە قۆناغی یەکەمدا ٥٠ ژن و منداڵی ئیسرائیلی لە بەرامبەر راگرتنی شەڕ بۆ ماوەی پێنج رۆژ، ئازاد دەکرێن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، جەنگی حەماس و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردوومانکردنی کەرتی غەززە و گەمارۆی شارەکەی داوە.













گەلەری