سەردێڕ:

بەپێی نوێترین ئامار؛ ژمارەی گیانلەدەستدانەکان لە کەرتی غەززە نۆ هەزار کەسی تێپەڕاند

PM:10:40:02/11/2023

1760 جار خوێندراوەتەوە

وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، بەگوێرەی دوایین ئاماری وەزارەتەکە ژمارەی گیانلەدەستدانەکان بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ زیاتر لە نۆ هەزار کەس بەرزبووەتەوە.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئەشرەف قودرە وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی کەرتی غەززە رایگەیاند، ژمارەی گیانلەدەستدانەکان لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە گەیشتووەتە نۆ هەزار و ٦١ کەس کە سێ هەزار و ٧٦٠ کەسیان منداڵن.

هاوکات، هەر ئەمڕۆ ریشی سوناک، سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا لەگەڵ ئەنتۆنیۆ گۆتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاوتوێکردنی تێکچوونی دۆخی مرۆیی کەرتی غەززە کۆبوونەوە و هەردوو سەرکردەکە جەختیان لە گرنگی خێراکردن و زیادکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ دانیشتوانی غەززە کردەوە.

لای خۆشییەوە، ساموێل واربێرگ، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا باسی لەوەکرد، کاردەکەن بۆ کردنەوەی رێڕەوە مرۆییەکان و ئاسانکاریکردن بۆ دابینکردنی هاوکارییەکان وەک خۆراک و ئاو و چاودێری پزیشکی بەشێوەیەکی بەردەوام بۆ خەڵکی سڤیل لەو وڵاتەدا.

لەلایەکى دیکەوە تەندروستى میسر بڵاویکردەوە، بۆ ماوەی دوو رۆژە بەردەوامن لە گواستنەوەى بریندارەکان لە کەرتى غەززەوە بۆ میسر و تا ئێستا ٨١ بریندار گواستراونەتەوە.

جەنگی فەڵەستین و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و مه‌ترسیی فراوانبونی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هه‌یه‌ وبەهۆی شەڕ و پێکدادانەکان تا ئێستا لە هەردوو لا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.













گەلەری