سەردێڕ:

جەنگی حەماس و ئیسرائیل بەردەوامە؛ لە دوو رۆژدا ١٨ سەربازی ئیسرائیل کوژراون

PM:03:52:02/11/2023

1896 جار خوێندراوەتەوە

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لەماوەی ٤٨ کاتژمێری رابردوودا ١٨ سەربازیان لێ کوژراوە و لە سەرەتای جەنگیشەوە ٣٣١ سەرباز لە سوپای ئیسرائیل کوژراون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە ماوەی دەستپێکردنی هێرشەکانیان بۆ سەر کەرتی غەززە لە دوو رۆژی رابردوودا ١٨ سەرباز لە سوپای ئیسرائیل کوژراون.

ئاماژە بەوەش کراوە، لە رۆژی ٧ی تشرینی یەکەمەوە کە دەکاتە سەرەتای دەستپێکی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس تاوەکو ئێستا ٣٣١ سەربازی سوپای ئیسرائیل کوژراون.

ئەوەش خراوەتە روو، لە ئێستادا ٢٤٢ سەربازی سوپای ئیسرائیل لەلایەن چەکدارانی حەماسەوە دەستبەسەرکراون.

دوێنێ حەماس باسی لەوە کرد، لە ئەنجامی بۆردومانی ئیسرائیل بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی غەززە، ١٩٥ کەس کوژراون و حەوت کەسیان لەو کەسانە بوون کە دەستبەسەرکرابوون.

پێشتر بزوتنەوەی حەماس رایگەیاند، ٢٠٠ بۆ ٢٥٠ کەس دەستبەسەر کراون کە لە نێوایاندا هاوڵاتی مەدەنی تێدایە و دوو کەسیشیان بە رەگەز بیانین.

جەنگی فەڵەستین و ئیسرائیل لە ٧ـی مانگی رابردووەوە بەردەوامە و لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکانی حەماسەوە، سوپای ئیسرائیل بەردەوامە لە بۆردومانکردنی کەرتی غەززە و مه‌ترسیی فراوانبونی ململانێکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هه‌یه‌.













گەلەری