سەردێڕ:

پزیشکانی بێسنور: ٢٠ هەزار بریندار لە غەززە هەن

AM:09:25:02/11/2023

1116 جار خوێندراوەتەوە

پاش ئەوەی دوێنێ دەستکرا بە گواستنەوە بریندارەکانی کەرتی غەززە بۆ میسر تاوەکو چارەسەر وەربگرن رێکخراوی پزیشکانی بێسنور رایگەیاند، ٢٠ هەزار بریندار لە غەززە ماون.


ئەمڕۆ پێنجشەممە، رێکخراوی پزیشکانی بێسنور لە راگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە تاوەکو ئێستا ٢٠ هەزار بریندار لە غەززە ماون وبەهۆی بەردەوامی بۆردوومانەکان و گەمارۆدانی شارەکەوە ناتوانن دەستیان بە زۆرینەیان بگات.

باسی لەوەش کردووە، ٢٢ کارمەندیان توانیویانە بەڕیگەیەکی سەخت لە کەرتی غەززە بێنە دەرەوە و داوادەکەن سەرجەم هاوڵاتیانی غەززە لە شارەکەیان بهێندرێنە دەرەوە و ژیانیان پارێزراو بێت.

ئەوەشی خستووەتە روو، پێویستە رێگە بەو کەسانە بدرێت کە دەیانەوێت لە غەززە بچنە دەرەوە لە شارەکە بڕۆن و مافی گەڕانەوەشیان بۆ ماڵ و زەوییەکانیان پاریزراو بێت. دەشڵێت، پێویستە بە زووترین کات ئاگربەست رابگەیەندرێت.

دوێنێ بەرپرسانی میسر باسیان لەوە کرد، ٧٦ برینداری فەڵەستینی و ٣٣٥ برینداری بیانی لە غەززەوە گەیەنراونەتە میسر بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

شەوی رابردوو، ئیسماعیل هەنیە سەرۆکی مەکتەبی سیاسیی حەماس، لە پەیامێکی ڤیدۆییدا رایگەیاند، پێویستە ئاگربەستێک ئەنجام بدرێت بۆ دەستپێکی دانوستانەکان لەبارەی ئەو بارمتە ئیسرائیلیانەی لە کەرتی غەززەن.

لە رۆژی ٨ـی تشرینی یەکەمەوە جەنگی نێوان فەڵەستین و ئیسرائیل دەستیپێکردووە و تا ئێستا بەردەوامی هەیە و بەهۆیەوە لە هەردوولا هەزاران کەس گیانیان لەدەستداوە و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.













گەلەری